لیستی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆران نێردرایەوە بەغدا

03-11-2024
ئارێز خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەیانیی ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی 10ـی بە کاغەز و لەسەر CD، لەڕێگەی تیمێکی تەکنیکیی ناردووەتەوە وەزارەتی دارایی عێراق.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە دوو سەرچاوەی نێو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە دەستیکەوتوون، بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-11-2024) لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی وەزارەتی دارایی عێراق، لیستی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە نێردراوەتە وەزارەتی دارایی عێراق و، ئێستا لیستەکە بە کا‌غەز و CD لە بەشی وردبینیی وەزارەتە.
 
ئەمڕۆ لە بەغدا بەهۆی دۆخی کەشوهەوا پشووی فەرمییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو "بەشی وردبینیی وەزارەتی دارایی عێراق لە دەوامن تەنیا بۆ وەرگرتنی لیستی مووچەکە و ئەمڕۆ وردبینیی تێدا ناکەن."
 
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10، هەردوو سەرچاوەکەی رووداو رایانگەیاند، هیچ مانگێک ناتوانن کات بۆ دابەشکردنی مووچە دیاری بکەن، "چونکە هەموو مانگێک ئێمە لیستەکانمان بەو شێوەیە ئامادەکردووە کە بەغدا دەیەوێت، بەڵام بیانوویەکیان گرتووە و بۆیان ناردووینەتەوە، بەو هۆیەوە هەموو مانگێک دابەشكردنی مووچە دواکەوتووە."
 
رووداو زانیویەتی، لیستی مووچەی خانەنشینانی سەربازی بەبێ هاوتاکردن بردراوە بۆ بەغدا و هۆکارەکەشی ئەوەیە "بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەربازی بەو شێوەیە لیستەکەی ئامادەکردووە."
 
یەکێک لە کێشەکان کە لە لیستی مووچەدا هەبوو، بایۆمەتری بووە، بەگوتەی هەردوو سەرچاوەکەی رووداو، نزیکەی 80 هەزار مووچەخۆر ماون بایۆمەتری بکەن و زۆربەی ئەوانەی بایۆمەتریشیان نەکردووە، خانەنشینانن.
 
لە ماوەکانی رابردوودا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەر فەرمانبەرێک تاوەکو 20ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ بایۆمەتری نەکات، مووچەکەی رادەگیرێت، بۆیە رۆژانە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە راییکردنی کاروبارەکانی تەواوکردنی بایۆمتەریی فەرمانبەر و خانەنشینان.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە