رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بانکی رافیدەین، کە بانکێکی حکومییە، قەرزێکی بۆ پڕۆژە بچووکەکان راگەیاند، کە بڕەکەی 25 ملیۆن دینارە.
رۆژی پێنجشەممە 3-11-2022، بانکی رافیدەین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لقی بانکەکەیان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە قەرزی پڕۆژە بچووک دەدات، کە بڕەکەی 25 ملیۆن دینارە، دەدرێتە ئەوانەی خاوەن شوێن و دەزگان یان پیشەی دیکەیان هەیە.
ماوەی دانەوەی قەرزەکان 6 ساڵە و رێژەی سوودەکەی 6٪ە. بانکی رافیدەین دەڵێت، "سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە دەبێتە هۆی چالاککردنەوەی ئابووریی نیشتمانی و لەنێوبردنی بێکاری".
رۆژی چوارشەممە، 5-10-2022، بانکی رافیدەین لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە پێدانی قەرزی 150 ملیۆن دینار بە خاوەن پیشە تەندروستییەکان هەر یەکە لە؛ پزیشک، پزیشکی ددان، پزیشکی ڤێتەرنەری، دەرمانساز، خاوەن تاقیگەکان، خاوەن کۆگەکانی دەرمان، کیمیاگەران و تەکنیکارانی پزیشکی و خانەنشینانی ئەو پیشانە دەگرێتەوە.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە، 07-07-2022، بانکی رافیدەین، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە قەرزی کڕینی خانوو دەداتە فەرمانبەران و هاووڵاتییان و خانەنشینان، بڕی قەرزەکەش دەگاتە 150 ملیۆن دینار، رێژەی سوودەکەشی 4%ـە. بانکەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە راییکردنی مامەڵەی قەرزەکە بۆ کڕینی خانوو لە رێگەی لقەکانی بانکی رافیدەین دەبێت لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.
لە 05-07-2022دا بانکی رەشید لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستەیەکی نوێی قەرز بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت و گرێبەست و کارمەندانی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ خەرج دەکات کە 10 ملیۆن دینار بۆ فەرمانبەری هەمیشەیی و پێنج ملیۆن دیناریش بۆ فەرمانبەرانی گرێبەستە. پێشکێشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرز، بۆ ئەوانەیە کە کارتی (نەخیل)یان هەیە، هیچ نێوەندگیرییەکیش لەنێوان بانک و سوودمەنددا نییە.
هەمان رۆژ بانکی رافیدەین رایگەیاند، دەستی بە خەرجکردنی بەشێکی دیکە لە قەرز کردووە بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ کە لە پێنج ملیۆن دینار دەستپێدەکات تاوەکو 50 ملیۆن دینار، ئەمەش دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکار و رێنوێنییەکانی وەرگرتنی ئەو قەرزە.
رۆژی پێنجشەممە، 23-05-2022، بانکی رافیدەین خەرجکردنی بڕێکی دیکەی قەرزی بۆ خانەنشینانی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، قەرزەکە لە پێنج ملیۆن تاوەکو 25 ملیۆن دینار دەبێت.
هەروەها رۆژی، 09-04-2022، هەمان بانک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، قەرزێکی 150 ملیۆن دیناری دەدەنە هاووڵاتییان، سوودەکەشی 4% دەبێت و راشیگەیاند، هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەی کڕینی خانووەکانیان بکەن لە رێگەی لقەکانی بانکەکەوە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.
پێشتر بانکی رافیدەین قەرزی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی خانووی راگەیاندبوو کە 50 ملیۆن دینار بۆ فەرمانبەران و 30 ملیۆن بۆ هاووڵاتییان بە وەرگرتنی 5%ی سوود بوو کە دەبووایە لە ماوەی 10 ساڵدا قەرزەکانیان بدەنەوە.
بەرپرسانی بانکی رافیدەین و بانکی رەشید کە دوو بانکی حکومین، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاندبوو، بەهۆی نەبوونی لقیان لە هەرێمی کوردستان، پێدانی قەرزەکانیان هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
ئیحسان شەمران، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە داهاتی خۆیان قەرز دەدەن، ئەمە بابەتێکە تایبەت بە خۆیانە، بە هەمانشێوە پێویستە بانکەکانی هەرێمی کوردستانیش لە داهاتی خۆیان قەرز بدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ