مالیکی پێشنیاز دەکات نرخی 100 دۆلار بکرێتە 137 هەزار و 500 دینار

02-11-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نووری مالیکی پێشنیاز دەکات نرخی هەر 100 دۆلارێک بۆ 137 هەزار و 500 دینار داببەزێنرێت؛ لە کاتێکدا ئێستا نرخی 100 دۆلار بەرامبەرە بە 145 هەزار و 500 دینار. 
 
رۆژی چوارشەممە 2ى تشرینى یەکەمى 2022، نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا لە تویتێکدا ئاماژەى بەوە داوە کە دابەزاندنى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار و چارەسەرنەکردنى کاریگەرییەکانى لەسەر هاووڵاتییان بووەتە هۆى دروستبوونى قەیرانى ئابوورى و بژێوى. 
 
وەک نوورى مالیکى دەڵێت، ئەو دۆسیەیە لەبەردەم حکومەتى عێراقدایە کە پێویستە چارەسەر بکرێت بەشێوەیەک کە زیان بە هاووڵاتییان و ئابوورى نیشتیمانى نەگەیێنێت لە رێگەى دانانى پلانێکى وردەوە. 
 
نوورى مالیکى پێشنیاز دەکات، نرخى یەک دۆلار بکرێتە 1375 دینار لە برى 1450 دینار، تاوەکو وەک خۆی دەڵێت، "زیانەکانى لەسەر هاووڵاتییان و ئابوورى نیشتیمانى دووربخەینەوە." 
 
ئەو پێشنیازەى مالیکى لە دواى ئەوە بوو کە لە 10ى تشرینى یەکەمى 2022، داوایەک لەلایەن 41 پەرلەمانتارى عێراقەوە درایە سەرۆکایەتیى پەرلەمان بۆ ئەوەى کۆبوونەوەیەکى پەرلەمان تەرخان بکرێت بۆ کارکردنەوە بە بەهاى پێشووى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار.
 
رۆژی 19ى کانوونى یەکەمى 2020، بانکى ناوەندیی عێراقى بڕیاریدا بە فەرمیى نرخى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى لە 1200 دینارەوە بکاتە 1450 دینار بەرانبەر بەیەک دۆلار. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە