د. جەمال کۆچەر: راگرتنی مووچە گرفتی تەکنیکییە نەک سیاسی

02-09-2024
ئەحمەد حەمید
دیناری عێراقی؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرانی کورد لە بەغدا لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ چارەسەر گرفتی مووچە و گرفتەکانی دیکەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان. ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت: "وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان راگرتووە، چونکە تێبینی لەسەر لیستەکان هەیە و راگرتنەکە سیاسی نییە."
 
رۆژی یەکشەممە 01-09-2024 سەرۆککۆمار، وەزیرە کوردەکانی کابینەی سوودانی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەماڵی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا لەبارەی گرفتی مووچە و گرفتەکانی دیکەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکە بەشداربوو لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا سێ بابەت بە گشتی باسکران، ئەوانیش پرسی مووچە، پارەی گەنمی جووتیاران و سەرژمێری گشتیی  دانیشتووانە. نابێت حکومەتی عێراق خانەنشینێک سزا بدات و مووچەکەی نەدات لەبەرئەوەی تێبینیان لەسەر لیستی مووچە هەیە."
 
جەمال کۆچەر، گوتیشی: "بڕیارە تیمێک پێکبهێنین و سەردانی ئەو وەزارەتانە بکەین کە گرفتیان هەیە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، سەردانی وەزارەتەکانی دارایی، کارەبا، کاروباری کۆمەڵایەتی و پەرەوەردە دەکەین".
 
سەبارەت بە نەناردنی مووچە، دەڵێت: "لەبەر ئەوەی حکومەتی عێراق پارە دەدات پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ سیستمی عێراق بگونجێنێت، بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستانی راگرتووە لەبەر ئەوەی کەموکورتی لە لیستی مووچەدا هەیە، چەند زووتر هەرێمی کوردستان ئەو کەموکورتییانە چارەسەر بکات زووتر مووچە دەنێردرێت".
 
جەمال کۆچەر راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە سیاسی نازانێت و گوتی: "تەکنیکییە، بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ناوی سێیەمی کەسەکان کراوە و ئەوەش گرفتە و ناوی دووبارەی تێدەکەوێت، بەغدا بەپێی سیستمی ژمێریاری و یاساکانی خۆی پارە خەرجدەکات".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەی روونکردەوە کە "تێبینییەکان لەلایەن چاودێری دارایی عێراقەوە دراونەتە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق تەنیا کار لەسەر هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵکو لەسەر هەموو وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق راپۆرت ئامادە دەکات و بەدواداچوونیان بۆ دەکات".
 
جەمال کۆچەر، جەختی کردەوە: "یەکێک لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە لەبارەی وەرگرتنی هەڵوێست بوو لەلایەنە کوردستانییەکان ئەگەر دەرکەوت گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان سیاسیین، بەڵام زۆرینەی بەشدارانی کۆبوونەوەکە پێیان وابوو گرفتەکان تەکنیکیین و گرفتی سیاسیی نین".
 
رۆژی دووشەممە 2/9/2024 وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.
 
بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی؛ مووچەی مانگی تەمموز لە سێ رۆژدا دابەش دەکرێت؛ رۆژی سێشەممە (3-9-2024) بە خانەنشینیی شارستانی دەستپێدەکات و رۆژی 5ـی 9 بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی دێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە