بەڕێوەبەرێک لە دانەگاز: لە دوو ساڵی داهاتوودا دەتوانین تەواوی خواستی کارەبای کوردستان دابینبکەین

01-07-2022
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
بەڕێوەچوونی ویبینارێک لەبارەی تواناکانی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان
بەڕێوەچوونی ویبینارێک لەبارەی تواناکانی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی سیاسەتی جیهانی وزەی سەر بە زانکۆی کۆلۆمبیا وێبینارێکی لەبارەی گازی کوردستان رێکخست. رۆبن میڵز، سەرۆکی قەمەر ئینێرجی پێشكێشکاری وێبینارەکە سەرەتا بە سیمیناری "دەرفەتەکانی بەهێزکردنی کەرتی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان" دەستیپێکرد و تواناکانی خستەڕوو. 
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، باسی کاریگەرییە ژینگەییەکان کرد و گوتی، گازی کوردستان مەترسیی بۆ سەر ژینگە نابێت.
 
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا رایگەیاند، "هەرچەندە سەرنجی زۆر لەسەر سەرچاوە پاکەکانی وزە هەیە، بەڵام بڕوام وایە برەودان بە کەرتی گازی هەرێمی کوردستان، هاوکار دەبێت لە دروستکردنی ژینگەیەکی باشتر لە هەرێمی کوردستان و عێراق و هەرچەندە وزەیەکی نەریتییە، بەڵام دۆستی ژینگە دەبێت. بڕوام وایە ئەم بەشەی پەرەپێدانی کەرتی گازەکەمان زۆر گرنگە." 
 
جێگری بەڕێوەبەر لە وەزارەتی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە رابردوودا لێکۆڵینەوەیان لە وزەی کوردستان کردووە، دەکرێت رەوتێکی بازرگانی وەربگرێت و پشتبەستن بە سەرچاوەی دەرەکی کەمدەکاتەوە.
 
جەیمس جیویل، جێگری بەڕێوەبەر لە وەزارەتی وزەی ئەمریکا و ئۆفیسی کاروباری نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کرد، "پەیامە گرنگەکە ئەوەیە کە توانای زۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکان لە هەرێمی کوردستان ئەگەر هەلومەرجەکان لەباربن. لە ماوەی درێژخایەندا دابینکردنی پێداویستییەکانی نێوخۆ قازانجی دارایی لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، بەڵام ئەمە لە ماوەی کورتخایەندا بەهۆی جیاوازی و دابەشبوونەوەکانەوە زەحمەتە." 
 
بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشن لە دانەگازیش ئامانج و پڕۆژەی داهاتووی کۆمپانیاکەیانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، لە چەند ساڵی کەمی داهاتوودا بەرهەمهێنانی گاز دەگاتە سەروو یەک ملیار پێ سێجای رۆژانە.
 
محەممەد مەککاوی، بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشن لە کریسینت و دانەگاز گوتی، "دوای نیسانی 2023 دوو پلانی خێرامان هەیە کە کۆی توانای بەرهەمهێنانمان لە 700 ملیۆنەوە بۆ ملیارێک و 50 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە زیاد دەکات، واتە لە ماوەی دوو ساڵ بۆ دوو ساڵ و نیوی داهاتوودا دەتوانین تەواوی خواستی کارەبای کوردستان بەرهەمبهێنین و دابینبکەین، ئەوکات بە خۆشحاڵییەوە دەمانەوێت دەست بە هەناردەی گاز بۆ عێراق بکەین."    
 
محەممەد مەککاوی باسی لەوەش کرد، لە ساڵی 2021 پێنج ملیۆن تۆن فڕێدانی گازی کاربۆنیان کەمکردووەتەوە و ساڵی داهاتووش 8 ملیۆنی دیکە کەمدەکەنەوە. ئامانجیشیان ئەوەیە فڕێدانی گازی پیس و بەهەدەردانی گاز نەهێڵن. 
 
بەشداربووان وێڕای ئاماژەدان بە تواناکانی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان، هۆشداریش لە ناکۆکییە سیاسییەکان دەدەن، چونکە لە ماوەی رابردوودا سێ جار هێرش کراوەتە سەر کۆرمۆر کە گەورەترین کێڵگەی گازی هەرێمی کوردستانە و رۆژانە 452 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمیەتی.
 
لە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، دەستبەرداربوون لە گازی سرووشتیی ئەو وڵاتە بووەتە ئامانجی سەرەکیی رۆژئاوا، لەم چوارچێوەیەدا یەکێک لە بژاردەکان هەرێمی کوردستانە کە بتوانێت بەشێک لەو بۆشاییەی گازی سرووشتیی رووسیا لە بازاڕەکانی جیهاندا پڕبکاتەوە. 
 
هەرێمی کوردستان خاوەن 200 ترلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتییە کە دەکاتە 3%ـی کۆی یەدەگی گازی سرووشتیی جیهان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.