رووداو دیجیتاڵ
بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بییانییەکانی دیکە بەردەوامە لە دابەزین.
ئەمڕۆ هەیینی 01ـی ئاداری 2024، بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان دابەزی و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد، یەک دۆلار بە 31.45 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
لەگەڵ کردنەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 31.45 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. دواتر بەهای لیرە کەمێک بەرز بووەوە و یەک دۆلار بە 31.31 لیرە و یەک یۆرۆش بە 33.88 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە 31 لیرە و 228 قروش و نرخی فرۆشتنی یۆرۆ بە 33 لیرە و 845 قروش بوو.
لیرەی تورکی لە حوزەیرانی پار ساڵەوە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان دەستی بە دابەزین کردووە و بۆ یەکجار لە هەفتەی رابردوودا بۆ سەرووی 31 لیرە دابەزی.
لە 12 مانگی رابردوودا بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر لە 65% دابەزیوە.
هۆکارە بنەڕەتییەکەی دابەزینی بەهای لیرە کورتهێنانی بازرگانییە. واتە؛ وڵاتەکە زۆر زیاتر کاڵا هاوردە دەکات نەک هەناردە، ئەوەش وا دەکات دۆلار لەو وڵاتە کەم ببێتەوە، جگە لە سیاسەتی نەختینەیی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.
ساڵی رابردوو تورکیا نزیکەی 106 ملیار دۆلار کورتهێنانی بازرگانی بووە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
بانکی ناوەندیی تورکیا دوای هەشت جار بەرزکردنەوەی لەسەر یەک رۆژی پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، سوودی بانکی لە 45% ـدا جێگیر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ