وەزارەتی دارایی: لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

01-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: 618 ملیار دینارەکە گەیشتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پینجشەممە، 1-2-2024) رایگەیاند "کەمێک لەمەوبەر بڕی 618 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، کە دەکاتە تەنها 65٪ـی کۆی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە "دوای گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بڕی 325 ملیار دیناری پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی دروست بووە، لە رۆژی هەینی دەست بەدابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. 
 
 
ئەمە لە کاتێکدایە چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەکلانەبووەتەوە، کە کەی و چۆن دابەش دەکرێت.
 
ئەو بڕە پارەیە لە 14-01-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر داوە و، لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی 2024 بۆ مووچەی مانگی یەک. 
 
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوای ئەوە هات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسانی دیکەی باڵای عێراق و لایەنە سیاسییەکان کۆبووەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ دەبێت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. 
 
ئەو پارەی لەلایەن بەغداوە نێردراوە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داهاتی نێوخۆ ئەو کورتهێنانە پڕدەکاتەوە، چونکە مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە