رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەین ناوی دوو لقی بانکەکەی لە شاری بەغدا بڵاودەکاتەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە دۆلار بە هاووڵاتییان دەفرۆشن.
رۆژی یەکشەممە، 1-1-2023، بانکی رافیدەین کە یەکێکە لە بانکە حکومییەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە رێگەی لقەکانیان لە شەقامی فەلەستین لە بەری رەسافە و گەڕەکی عەرەبی لە مەنسوور لە بەری کەرخ بە ماستەر کارد دۆلار دەفرۆشن".
بانکەکە دەڵێت، لە 10 هەزار دۆلار زیاتر بە هاووڵاتییان نادەن و نرخی هەر دۆلارێکیش بە 1455 دینار دەفرۆشن بەو کەسانەی ماستەر کاردی بانکی رافیدەینیان هەیە.
رۆژی هەینی، 30-12-2022، بانکى رافیدەین کە یەکێکە لە بانکە حکومییەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە رۆژانى پشووى 30 و 31ى کانوونى یەکەمی 2022 و یەکى کانوونى دووەمى 2023، لقەکانیان کراوە دەبن بۆ فرۆشتنى دۆلار بە هاووڵاتییان بە بەهاى 1455 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕى نێوخۆییدا لە سەروو 1500 دینارە، ئەگەرچى بەهاى فەرمیی دۆلار لە بانکى ناوەندى 1465 دینارە بەرامبەر بە دۆلارێک.
رۆژی شەممە، 31-1-2022، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمساڵ بانکی ناوەندیی عێراق 49 ملیار دۆلاری خستووەتە بازاڕ و تەنیا 9 ملیاری بۆ نێوخۆ بووە و 40 ملیارەکەی دیکەی چووەتە دەرەوەی وڵات".
بەگوێرەى دەروازەى فرۆشتنى دۆلارى سەر بە بانکى ناوەندیى عێراق، بۆ رۆژانى 31ى کانوونى یەکەمى 2022 و 1ی کانوونى دووەمى 2023، بەهۆى ئاهەنگەکانى سەری ساڵ و پشووەوە، هیچ بڕە دۆلارێک لەلایەن ئەو بانکەوە ناخرێتە بازاڕەوە.
سبەی 2ـی کانوونى دووەم، خستنەڕووى دۆلار دەستپێدەکاتەوە و بانکى ناوەندى 127 ملیۆن دۆلار و 202 هەزار و 161 دۆلار دەخاتە بازاڕەوە کە 79 ملیۆن و 690 هەزار دۆلارى بۆ فرۆشى نەختینەیی دەبێت و 47 ملیۆن و 512 هەزار و 161 دۆلارى بۆ حەواڵە دەبێت.
ئەوە لەکاتێکدایە 29ـی کانوونى یەکەمى 2022 کە دوایین رۆژى خستنەڕووى دۆلار بوو لەلایەن بانکى ناوەندییەوە لە ئەمساڵدا، بانکەکە 66 ملیۆن و 36 هەزار و 811 دۆلاری خستە بازاڕەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ