ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.
سەبارەت دامەزراندنی کۆمەڵەی خۆیبوون کە رابەرایەتیی شۆڕشی ئاراراتی لە نێوان ساڵانی 1927– 1930 دا کرد، سەلاح بەدرەدین موکڕیی خۆی لەسەر ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەو کۆمەڵەیە لە قامشلۆ یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی کردووە، پاشان لە بەیرووت کۆنگرەی بەستووە و وەکو کۆمەڵەیەکی سیاسی خۆی ناساندووە. بەدرەدین بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی باسی بیرەوەریەکانی مەلا ئەحمەدی نامی دەکات کە شاعیرێکی نێوداری ئەو سەردەمە بووە و خۆی ئەندامی خۆیبوون بووە و دەڵێت: "خۆیبوون بە دوو قۆناخ دامەزراوە، قۆناخی یەکەم لە قامشلۆ لە ماڵی قدور بەگ یەکەمین کۆبوونەوە کراوە، قدور بەگ یەکێک بووە لە بەگە نێودارەکانی شاری مێردین، لەو کۆبوونەوەیەدا 32 کەس بەشدارییان کردووە، هەنگاوی دووەم لە ساڵی 1927 لە ناوچەی (بیحەمدون) لە لوبنان بووە و لەوێ کۆنگرە دەبەستن و ژمارەیەک ئەرمەنیش بەشداری تێدا دەکەن، دیارە ئەرمەنییەکان لەلایەنی داراییەوە هاوکارییان کردووە، هەروەها لە رێگەی راگەیاندنەوە دەنگی خۆیبوونیان دەگەیاندە خەڵک و دنیا".
لە کوێی دنیادا بووە لە ماوەی چەند مانگێکدا دایکێک سێ لە باشترین کوڕەکانی لەدەست بدات، لە کوێی دنیادا بووە دایکێک لە یەک رۆژدا دوو کوڕی تیرباران بکرێن و بە دەستی خۆی لە گۆڕی غەریبایەتی دەریانبهێنێتە دەرەوە، چەندین کاژێر لەپشتی پیکابێکدا بەسەریاندا بگری و پاشانیش لە مزگەوتەکەی ئاڵمانە شەوێک تاوەکو بەیانی سەری هەردووکیان بخاتە سەر رانی و بیانلاوێنێتەوە، پاشان لە پەنای گۆڕەکەی کاک فوئاد بیانێژێ، بەبێ ئەوەی بزانێت پاش ماوەیەکی دیکە ریزی گۆڕی کوڕەکانی درێژ دەبێتەوە و دەبنە گۆڕی پێنج برا لە گۆڕستانی تاڵەسوار لە گوندەکەی خۆیان ئاڵمانە (فوئاد، ئەمین، حوسێن، ئەمجەد و ماجیدی مستەفا سوڵتانی) کە راستەوخۆ لە شەڕدا گیانیان لە دەست داوە یان تیرباران کراون. کاتێک مەلەکە سوڵتانی بە چاوی پڕ فرمێسکەوە لە کامێراکەمانی دەڕوانی و چیرۆکی شەهیدبوونی براکانی و جەعفەری شەفیعی مێردی بۆ دەگێڕامەوە، وەکو مام هێمن دەڵێت: "گەلێک بیرەوەری کۆنم لەپڕ هاتنەوە بەبیرا"
مامۆستا بە زمانی مەلایانەوە بەم شێوەیە قسەی بۆ کردم: "ئێمە فەوجی یەکی لیوای چواری سوپای عێراق، یەکەم فەوج بووین کە چووینە بارزان. ئامر لیواکەمان دەیویست عەقڵیەت و وەفاداری بارزانییەکان بۆ سەرۆکەکەیان تاقی بکاتەوە. رۆژێک منداڵێکیان هێنا، تەمەنی هەروا حەوت بۆ هەشت ساڵێک دەبوو. ئەوکاتە پارەی بیستوپێنج فلسی و سەت فلسی هەبوو، بیستوپێنج فلسییەکە قەبارەی بچکۆلە بوو لەچاو سەت فلسییەکە! بە منداڵەکەیان گوت ئەم بستوپێنج فلسیی مەلا مستەفا بارزانییە و ئەوەش سەت فلسیی عەبدولکەریم قاسمی سەرۆکی عێراقە، تۆ کامیان هەڵدەبژێریت؟ منداڵەکە گوتی من بیستوپێنج فلسییەکە هەڵدەبژێرم! کە لێیان پرسی بۆچی؟ خۆ ئەوە کەمترە لە سەت فلسییەکە؟ گوتی ئاخر ئێوە ناڵێن ئەوە هی مەلا مستەفایە، کەواتە ئەوەیان هی سەرۆکی کوردە، بەڵام سەت فلسییەکە هی دووژمنی مەلا مستەفایە! بۆیە من ئەوەی مەلا مستەفا هەڵدەبژێرم! منداڵێکی زۆر چاونەترس و ئازابوو".
خۆی چیرۆکی دابەشکردنی نسێبین و قامشلۆ کە هەردووکیان یەک شار بوون و کراونەتە دوو بەش، سنوورەکەیان بە (بنخەت و سەرخەت) ناسراوە، تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە ئەو دەستەواژانە تەنیا کورد بەکاریان دەهێنێت، ئەوەش خۆی لە خۆیدا مانای ئەوە دەگەیێنێت کورد ئەو سنوورانە ناپەژرێنن کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە ناوچەکەدا کێشران و گەلی کوردیان پارچە کردووە. بەلای کوردەوە سنوورەکان تەنیا کێشانی خەتێکە، هیچ نرخ و بەهایەکیان نییە، بۆیە لەو دابەشکردنەدا، نسێبین کەوتووەتە سەرووی خەتەوە(باکوور) و قامشلۆش کەوتووەتە خوارووی خەتەوە بنخەت(رۆژئاوای کوردستان)، بەڵام لە کردەوەدا وەک ئەوەیە بە خەنجەرێک جگەری مرۆڤێک بکەیت بە دوو لەتەوە، چونکە سنوورەکە کراوەتە سەربازخانەی دوو دەوڵەتی ناکۆک کە تەنیا لە یەک شتدا کۆکن، ئەویش دژایەتی کوردستانە. سەردەمانێک تورکیا و سووریا بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایی کورد، ساڵانە بەتایبەتی لە کاتی جەژنەکانی رەمەزان و قوربان دا رێگەیان بە خەڵکی ئەمبەر و ئەوبەری سنوور دەدا بۆ پیرۆزبایی سەردانی یەکتر بکەن یان لەنێوان تەلە دڕکاوییەکانەوە بە ئیشارەت و بانگکردن پیرۆزبایی جەژن لە یەکتری بکەن، رەنگە شتی وا لەهیچ وڵاتێک دا رووینەدابێت! کەچی تائێستاش نەبووەتە خەمێکی گەوەری خۆمان و مرۆڤایەتی، دەنا دەبوو ئەو چیرۆکە کەتواریانە (واقیعیانە)، ببوونایەتە هەوێنی دروستکردن و نووسینی دەیان چیرۆک و رۆمان و فیلمی سینەمایی، ئەگەر ئەمە خەمی نەتەوەیەک نەبێت و نەمان بزوێنێت، دەی دەبێت چی بمانبزوێنێت؟
کاتێک خاترخوازیمان لە ئامەخان دەکرد، وێنەیەکی مامۆستا کەریم زەند بەسەر دیوارەکەوە سەرنجی راکێشام بۆیە لێم پرسی: نازانم لە بەرنامەکەدا ئەو پرسیارەم لێکردی یان نا، ئەرێ بۆچی مامۆستا بەردەوام بە هاوین و زستان ئەو کلێتەیەی بەسەرەوە بوو؟ ئامەخان بە پێکەنینەوە گوتی، وای بە حاڵت کە بگەیتە تەمەنی ئێمە، مەگەر چەند جارم بۆ باسکردوویت ئەوە یادگاری پێشەوا قازی محەممەد بوو لەلای مامۆستا پارێزراوبوو!
ئەو هێشتا حەسرەتی ئەڤیندارییەک کە گوناهەکەی بۆ بەرانبەرەکەی دەگێڕەتەوە لە دڵی دەرنەچووە، ئەو کە ئێستا بەردەوام سەری لەسەر بەرماڵەکەی هەڵناگرێت، پێناچێت هەروا بە ئاسانی ئەوەی لە دڵ دەربچێت، رەنگە بیباتە بەردیوانی خودا. ئاخر ئەو زۆر بە تامەزۆییەوە باسی ئەحمەد سالار دەکات کە هیچ کاتێک بەتەواوی گرێی دڵی خۆی بۆ نەکردووەتەوە، بۆیە کاتێک لێم پرسی خۆشتدەویست؟ لە وەڵام دا گوتی: ئێستاش خۆشم دەوێت، وەکو پیاو هەر نەهاتە پێشەوە!
لەگەڵ ئەوەی سمکۆ تاوەکو پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە، بەڵام پیاوێکی هۆشیار بووە، زانیویەتی دەرمانی دەردی نەتەوەکەی و دەرهێنانی لە نەزانی، خوێندن و خوێندەوارییە، بۆیە بە هاوکاری دۆستە کورد و رووسەکانی پەنای بۆ دانانی بەردی بناخەی قوتابخانەیەک بردووە بە زمانی کوردی لە ساڵی 1913 دا، بۆ ئەو مەبەستەش بە زانابوون شاری (خۆی) هەڵبژاردووە کە مەترسی توانەوەی نەتەوەیی لەسەر بووە
زۆرجار مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە زلهێز و دامەزرێنەرانی تورکیای نوێ، کوردیان هەڵخەڵەتاندووە، بەڵام محەممەد عەلی دەڵێت خۆمان دەستەچەورەکەمان بەخۆمان سڕی، کورد خۆی خۆی فریودا، مەگەر نوێنەرانی کورد لە تورکیاوە تەلەگرافیان بۆ کۆنگرەی لۆزان نەنارد و بە دەنگی بڵند نەیانگوت عیسمەت پاشا تەنیا نوێنەری تورک نییە
دەیان کەسایەتیی وەکو کاک رەشۆ هەن کە خاوەنی ئەرشیف و یادەوەری پڕ بایەخن، ئەگەر فریایان نەکەوین و بەدەمیانەوە نەچین، کورد گەنجینەیەکی گەورە لەدەست دەدات
ئەردۆغان ئێستا بەهۆی دەسەڵاتە زۆروزەوەند و رەهاکانییەوە خۆی هەموو شتێکە لەو وڵاتەدا، بۆیە کەس ناتوانێت لەسەر پەیڤەکانی بە زمانی کوردی دادگایی بکات، هەروەک چۆن لەیلا زانا لەسەر ئەو پەیڤانە چەندان ساڵی ژیانی خۆی لە زیندان دا بردەسەر، چونکە ئەگەر بەهەمان حیساب بێت دەبێ ئەردۆغانیش دادگایی بکرێت، بۆیە باشترە کورد لەو پارچەیەدا کەڵک لەو دەرفەتانە وەربگرێت و بیانکاتە دیفاکتۆ، بەتایبەتی پێدەچێت لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداردا ژمارەی سەرۆکی شارەوانییەکان کە پارتە کوردییەکان بەدەستی دەهێنن زیاد بکات، بۆیە باشترە دەنگ و هێزی کورد نەخرێتە بەرژەوەندی سیاسەتی تاکتیکی رۆژانە بەڵکو بکرێتە ستراتیژ و بخرێتە خزمەتی هەموو کوردەوە، گرنگە چیدیکە گایەک نەکرێتە قوربانی کێچێک، باشترە دەرفەتی زیاتر بۆ ئەحمەد تورک و لەیلا زاناکان بکرێتەوە و رێگەیان بدەن ئازادانە لە شەقەی باڵیان بدەن، چونکە پەیڤە کوردییەکانی ئەردۆغان رێگە بۆ سیاسەتی بانێک و دووهەوا ناهێڵێتەوە، ئەگەر هەردوولا ئیرادەیان هەبێت.
نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران چیرۆکی ژیانی و کاری چالاکی خۆی و خێزانەکەی دەگێڕێتەوە، دەڵێت، "لە ساڵانی 1993 ژیتەم و پەکەکە پێکەوە زوڵمیان دەکرد و خەڵکیان ناچارکردبوو کۆچ بکەن." سەبارەت بە ئەردۆغان رایگەیاند کە ئەردۆغان "سەرۆکێکی دادپەروەر نییە" ئەگەر پشتگیری ئەوان نەبووایە نەدەبوو بە سەرۆکی شارەوانیی و "پیاوێکی بێوەفایە."
شێخ ئەبدولیلا فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیرانە، لە بەرنامەی پەنجەمۆری رووداو دەڵێت، ئەگەر شێخ سەعید سەرکەوتنی بەدەستبهێنایە، لەگەڵ ئەوەی کە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانیشەوە دژایەتی بکرایە، بەڵام دەوڵەتێکی ئیسلامی دادەمەزراند و پەیڕەوی شەریعەتی دەکرد
بەسەرهاتی حەسەن و حوسێن و قوربانییەکانی دیکە، بەسەرهاتێکە لە جۆری بەسەرهاتی حەسەن و حوسێنی ئیمامی عەلی، تەنیا سەردەمەکە و تاوانبارەکان و جێگەی تاوانەکە جیاوازە، کەچی نەک عاشوورایان بۆ ناکەین، بەڵکو هەر بەتەواوی لە یادەوەریماندا سڕاونەتەوە.
منداڵێکی کورد لە سوێد کە تەمەنی 9 ساڵە بەهۆی خوێندنەوەی نزیکەی 500 کتێب، خەڵاتی باشترین خوێنەری لە لایەن دامەزراوەی پاسکاڵ ئینگمانەوە پێدەدرێت.