رۆژێکی باراناویی و شڵێوەیە، کاتژمێرەکە لەسەر هەشتی بەیانی لایداوە، کەچی دەڵێی هێشتا بەتەواوی خۆر خەبەری نەبووەتەوە، هێشتا مەیلەو تاریکە، هەتا چاو بڕ دەکات سەوزاییە، جار بە جارێک بە تەنیشت جەنگەڵستانێکدا تێدەپەڕین، لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆرە کەشوهەوایە مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی خەمۆکییەوە، کەچی چاو لە دیمەنە قەشەنگەکان تێر نابێت. لە ستۆکهۆڵمەوە بەرەو ئۆپسالا دەچین، دەمانەوێت پەنجەمۆرە تەواونەکراوەکەمان لەگەڵ کەسایەتییەک تەواو بکەین کە وەکو کتێبە کۆنێکی ناو رەفەیەکی کتێبخانەیەکی گەورەیە و دەمێکە کەس لاپەڕەکانی هەڵنەداوەتەوە، ئەو کەسەش کەمتر لە خەمخۆرێکی بەردەوامی زمانی کوردی نییە، ئەو رەشۆ زیلانە.
کاک رەشۆ خەڵکی بایەزیدە کە لە نزیک ئاراراتی گەورە و گچکە هەڵکەوتووە لە باکووری کوردستان، شوێنی مەزاری بیرمەندی گەورەی کورد ئەحمەدی خانییە.
رەشۆ زیلان لەگەڵ هاوژینەکەی کە هەردووکیان سەردەمانێک پێکەوە مامۆستای زمانی دایک بوون لە خانوویەکی گەورە دا دەژین، هەر چواردەوری سەوزاییە، لێرە و لەوێش گوڵەکانیان سەریان دەرهێناوە، ئەگەر باران و سەرما لێبگەڕێت رەنگە تاوەکو یەک دوو هەفتەی دیکە یەکپارچە ئەو ناوە ببێتە گوڵ و گوڵزار.
ماڵەکەی کاک رەشۆ پڕە لە کتێب. ئەو کە ئێستا کەسێکی نەتەوەییە، بەڵام هەموو کتێب و گۆڤارە تورکی و کوردییەکانی کە لە ساڵانی شەشت و حەفتاکان و دواتریش لەسەر چەپ و مارکسیزم و سۆسیالیزمن خوێندوونیەتەوە، ئەمانە بەشێک لە رەفەکانی کتیبخانەکەی پڕ کردوون. ئاخر کاک رەشۆش وەک زۆر لە کوردانی باکووری کوردستان سەردەمانێک چەپ بووە، بە گاڵتە بە کاک رەشۆم گوت، ئەرێ خێرە ئێوە ئاغاکانیشتان پێیان خۆش بووە، پێیان بڵێن چەپ. بەشێکی زۆری ئەو گۆڤارانە کورد دەریکردوون، بەڵام تەنیا ناوەکانیان کوردییە، دەنا زۆربەی زۆریان بە زمانی تورکی نووسراون. لەگەڵ ئەوەش دا دەیان گۆڤاری کوردی بە شێوەزارە جیاجیاکانی کوردی لە کتێبخانەکەی کاک رەشۆ دا ئەرشیف کراون، ئاخر کاک رەشۆ دەستی بەسەر هەموو زاراوەکاندا بەتایبەتی سۆرانی و کورمانجی دا دەشكێت. کۆنترین کتێبیش کە لە کتێبخانەکەیدا ئەرشیف کراوە، وەرگێڕانی ئینجیلە بە زمانی کوردی کە لە سەدەی نۆزدەدا لە ئەرمەنستان بەپیتی ئەرمەنی نووسراوە.
لە ئەرشیفەکەی کاک رەشۆدا دەیان نامەی تایبەت هەن کە لەلایەن کەسایەتییە نێودارەکانی کوردەوە بۆ خۆی یان بۆ خەڵکانی دیکە نووسراون، من دوو لەو نامانەم بینی کە وەکو بە کورمانجی دەڵێن بەلامەوە باڵکێش بوون، ئەوانیش نامەیەکی کاک ئیدریس بارزانی کە بۆ کاک موحسین دزەیی ناردووە و تێیدا داوای لێدەکات هاوکاریی کاک رەشۆ زیلان بکات کە بۆ ماوەیەک وەکو پێشمەرگە لە باشووری کوردستان بووە و لە کۆتایی ساڵی 1969 تاوەکو دوای رێککەوتننامەی یانزدەی ئازار، ئەو ماوەیە لە رادیۆ بووە و هاوکاریی تەکنیکی کردووە.
نامەکەی دیکە، نامەیەکی ئاپێ مووسا عەنتەرە کە لە زیندانەوە بۆ کوڕەکەی ناردووە، چونکە نامەکە بەزمانی تورکی بوو، من هیچی لێ حاڵی نەبووم، بەڵام لە بەرنامەکەدا کاک رەشۆ باسی نێوەڕۆکەکەی کرد، باسی دیدارێکی خۆی و دەزگای هەواڵگریی تورکی میت دەکات، نێوەڕۆکی نامەکە، کە پێموایە لەکاتی خۆی قسە و باسی جددی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بابمێنێت بۆ کاتی بڵاوکردنەوەی پەنجەمۆر لەگەڵ کاک رەشۆ زیلان.
هەرچی نامەکەی کاک ئیدریسە، کۆپیی نامەکە بڵاودەکەینەوە. بەڕاستی نێوەڕۆکی نامەکە پڕە لە رێز و خۆشەویستی و بەوەفایی کاک ئیدریس، بۆ پێشمەرگە و کادیرانی شۆڕش، لە نموونەی رەشۆ زیلان دا. ئەوە جگە لەوەی کە بە خەتێکی زۆر جوان و هەستێکی کوردانە و وەفادارانە نووسراوە.
دەمەوێت ئەم وتارە بەوە کۆتایی پێبێنم کە لە ئەوروپا دەیان کەسایەتیی وەکو کاک رەشۆ هەن کە خاوەنی ئەرشیف و یادەوەری پڕ بایەخن، ئەگەر فریایان نەکەوین و بەدەمیانەوە نەچین، کورد گەنجینەیەکی گەورە لەدەست دەدات، ئاخر هەندێک لەوانە منداڵ و وەچەکانیان، قەدر و قیمەتی ئەو ئەرشیف و کتێبخانانە نازانن و تەنانەت لێشیان تێناگەن، بۆیە رەنگە رۆژێک بێت فڕێیان بدەن و وابزانن شتی بێکەڵکن و بڵێن جا بۆچی جێگەمان لێ بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ