ژەنەراڵ بارزانی، نووری سەعید (پاشا) شەرمەزار دەکات!

26-01-2024
کاوە ئەمین
A+ A-
شۆڕشی یەکەمی بارزان لەنێوان ساڵانی (1931- 1933) لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانییەوە سەرکردایەتی کرا، بەڵام بەهۆی نابەرانبەری لە ژمارەی هێز و چەک و پشتیوانی راستەوخۆی ئینگلیز، دەوڵەتی پاشایەتیی عێراق توانی شۆڕشەکە کپ بکات و، شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا و بەشێک لە شۆڕشگێڕانی بارزانی روویانکردە باکووری کوردستان، بەڵام ئەوە بەومانایە نەبوو کە بە تەواوی کوانووی شۆڕشەکە دابمرکێتەوە، ژمارەیەک لە شۆڕشگێڕان بە سەرکردایەتی خەلیل خۆشەوی لە ناوچەکەدا مانەوە، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام هێزەکانی عێراق و تورکیا و جاشەکان بەدوایانەوە بوون و گەمارۆیان دەدان، توانیان لەناوچەکەدا بمێننەوە، بەڵام بەداخەوە لە کۆتاییدا زۆربەیان بە (خەلیل خۆشەوی) یشەوە، شەهید کران.
 
تورکیا نکۆڵی لە هەبوونی نەتەوەی کورد دەکرد، بۆیە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو کە شێخ ئەحمەد و هەڤاڵەکانی تەسلیمی عێراق بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی بە حیساب عێراق لێبووردنی بۆ بارزانییەکان دەرکردبوو، بەڵام لەگەڵ بەڵێنەکەی خۆیاندا راستگۆ نەبوون، شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا و بەشێکی زۆر لە کەسوکاریانی نەفیکرد بۆ خوارووی عێراق بەتایبەتی بۆ شاری ناسرییە.
 
عێراق وایدەزانی ئیتر جادەکەی بۆ تەخت بووە، شۆڕشی بارزانییەکان بە تەواوی خامۆش بووە، بۆیە لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا لە ساڵی 1939دا بارزانییەکانی گواستەوە بۆ شاری سلێمانی، بە مەش دەرفەتێکی باش بۆ بارزانییەکان بەتایبەتیش مەلا مستەفا بارزانی رەخسا کە بتوانێت بەنهێنی پەیوەندی بە دەڤەری بارزانەوە بکات، هاوکات پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ خەڵکی سلێمانی، بەتایبەتی کەسایەتییە دیارەکانی شار لە رۆشنبیران گرێبدات. پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی شێخ مەحموودی حەفید، ئەندامانی حیزبی هیوا و سەرۆکی حیزبی هیوا مامۆستا رەفیق حیلمی بەست. هەر ئەوانیش توانیان لە ساڵی 1943 لە رێگەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاوکاری مەلا مستەفا بکەن و یارمەتی بدەن بۆ گەیشتنەوە دەڤەری بارزان. 
 
بە گەیشتنەوەی مەلا مستەفا جارێکی دیکە خەڵکی دەڤەرەکە جۆش و خرۆشی کوردایەتی و شۆڕشیان تێدا ژیایەوە، ئەوەبوو شۆڕشی دووەمی بارزان دەستی پێکرد.
 
کاتێک حکومەتی عێراق ئەوەی زانی نەیتوانی بە هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز و کوشتار بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بێت، پەنایان بۆ گفتوگۆ برد. مەلا مستەفا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە باوەڕپێکراوەکانی لە ساڵی 1944چوو بۆ بەغدا بۆ ئەوەی راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ نووری سەعید بکات ، کە بە پاشا ناسراو بوو.
 
یەکەم جار بوو ژمارەیەک شۆڕشگێڕی کورد بە جلی کوردی و بە چەکەوە بچنە نێو بەغدا و سەرنجی خەڵکیان بۆلای خۆیان راکێشا. عێراقییەکان زۆریان هەوڵدا کە داخوازییەکانی کورد لە داخوازییەکانی ناوچەیەکی سنوورداری وەکو بارزان قەتیس بکەن و شۆڕشەکە وەکو شۆڕشێک یاخود کۆبوونەیەکی چەکداری ناوچەیی کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەستیان داوەتە چەک وێنا بکەن، بەڵام مەلا مستەفا خاوەن ئەزموونێکی قوڵ و دنیابینییەکی کوردستانیانە بوو، بۆیە بە تووندی داواکانی عێراقی رەتکردەوە و پێیان دەڵێت، ناوچەی بارزان بەشێکە لە کوردستان نەک بە پێچەوانەوە بۆیە دەبێت هەموو داوا رەواکانی نەتەوەی کورد پەسەند بکەن .
 
ئەوکاتەی کە مەلا مستەفا لە بەغدا دەبێت، بەردەوام رۆشنبیران و سەربازە پلەدارەکانی کورد، ئەندامانی حیزبی هیوا و کەسایەتییە دیارەکانی کورد و دۆستانی کورد رۆژانە سەردانی دەکەن.
 
لە یەکێک لە هەڤپەیڤینەکانم دا بۆ بەرنامەی (پەنجەمۆر)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لەگەڵ کەسایەتی دیاری دەڤەری ئاکرێ، شێخ تاهیری شووشی سازم کردووە و بەم زووانە بڵاودەبێتەوە، بەسەرهاتێکی خەندەدار، بەڵام پڕمانای گێڕایەوە، ئاخر باوکی یەکێک بووە لە شایەتەکان.
 
شێخ تاهیر شووشی بەم شێوەیە چیرۆکی چوونی مەلا مستەفا بۆ بەغدا دەگێڕێتەوە، لەسەر داوای حکومەتی عێراق مەلا مستەفا بڕیار دەدات لەگەڵ 15 کەسایەتی و پاسەوانی خۆی بچێتە بەغدا. حاجی قادر ئاغای شووشی و محەممەد بەگی رواندزی، شێخ محەممەد خالید بارزانی لەنێو شاندەکەدا بوون، بەداخەوە من ناوی ئەوانەی دیکەم لەیاد نییە. ئەو کاتەی کە بارزانی لە بەغدا دەبێت، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی هیوا سەردانی دەکەن، هەروەها وەزیرەکانی کورد، پارێزگارەکان، پلەدارەکانی نێو سوپا، کارمەندانی نێو دەوڵەت، ئێواران دەچوون سەردانی جەنابی بارزانییان دەکرد. رۆژێک لە مەجلیسێکی 40 - 50 کەسی دا بارزانی بە ئامادەبووان دەڵێت، رەنگە سبەی - دوو سبەی لەگەڵ نووری سەعید و دەسەڵات بەدەستانی حکومەت دابنیشم و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەم، بۆیە داواتان لێ دەکەم هەر کەسێک زانیارییەکی هەیە لەسەر نووری سەعید پێمبڵێت. هەریەکەو قسەیەک دەکات، یەک دەڵێت، نووری سەعید تورکمانە، یەک دەڵێت، دایکی کوردە و باوکی تورکمانە، یەک دەڵێت پیاوی ئینگلیزە، هەریەکەو شتێک دەڵێت. لەنێو مەجلیسەکەدا کەسێک دانیشتبوو، جاربەجار دەستی بەرزدەکردەوە، بەڵام زوو پەشیمان دەبووەوە. بارزانی رووی تێدەکات و دەڵێت، ها شریک دەبینم دەتەوێت شتێک بڵێیت، بەڵام زوو پاشگەز دەبیتەوە. ئەویش دەڵێت قوربان، من شتێکی سەیرم هەیە لەسەر نووری سەعید، بەڵام لەڕووم نایێت لەبەردەم جەنابت دا بیگێڕمەوە!
 
مەلا مستەفا پێی دەڵێت، فەرموو قسە بکە، هەموومان خۆمانەین، شەرمی ناوێت!
 
ئەویش دەڵێت، قوربان، ژنێک هەیە ناوی ئوم راجیحەیە، ژنێکی دەوڵەمەندە، ڤێلایەکی زۆر گەورەی هەیە، خواردنگەی تێدایە، باخچەیەکی گەورەی هەیە، مەلەوانگە و مەرقەسی تێدایە، زۆربەی وەزیر و کاربەدەستانی حکومەت بە نووری سەعیدیشەوە سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، لێت ناشارمەوە منیش کونجێکی خۆمم هەیە و سەردانی ئەو شوێنە دەکەم، بەڵام ماوەی سێ مانگە نووری سەعید بەهۆی ئەوەی کە 500 دیناری لەم ئوم راجیحەیە قەرزکردووە و ناتوانێت بیداتەوە، لەڕووی نایێت سەردانی ئەو شوێنە بکات! بارزانی لێی دووپات دەکاتەوە کە ئایا ئەو شتەی باسی دەکات راستە؟ ئەویش دڵنیایی پێدەدات.
 
رۆژی دیدارەکە نووری سەعید زۆر بەگەرمی پێشوازی لە مەلا مستەفا دەکات و دەست بە قسەکردن و گفتوگۆ دەکەن. نووری سەعید جاربە جار روو لە بارزانی دەکات و پێی دەڵێت، جەنابی بارزانی، با ئەو شەڕە بوەستێت، ئێمە بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە هەموومان عێراقین، شەڕ بە کەڵکی وڵاتەکەمان نایێت! مەلا مستەفاش هەموو جارێک لە وەڵام دا دەڵێت جەنابی پاشا، خۆ منیش زۆرم پێخۆشە شەڕ بوەستێت، بەڵام هەموو شتەکان لە دەستی ئێوەدان، فەرموو مافەکانی نەتەوەی کورد بدەن، خۆ ئێمە تەرفداری شەڕنین، ئێمەش ئاشتخوازین و دەمانەوێت ئاسوودە بژین، ئێوە شەڕمان پێدەفرۆشن!
 
پاش کەمێکی دیکە دیسان نووری سەعید دەڵێت، ئەگەر ئێوە درێژە بەشەڕ بدەن، دەڤەری بارزان بەر تۆپپاران دەکەوێت، کاول و وێران دەبێت. وەکو جۆرە هەڕەشەیەک درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت، خۆ ئەوەش دەزانن کە ئینگلیز پشتیوانی ئێمە دەکات.
 
بارزانی لە وەڵام دا دەڵێت، ئەگەر ئینگلیز لەپشت ئێوەوەبێت، ئێمە تەنیا خوا شک دەبەین لە پشتمانەوە بێت. 
نووری سەعید دەڵێت، جەنابی بارزانی خۆت دەزانیت ئەگەر هەموو سوپاکەمان هێرش بکاتە سەر کوردستان و بە تۆپ و فرۆکە لێتان بدەین، بارزانییەکان ناچار دەبن روو لە چیا بکەن، ئەوکاتە هەر هەموویان لە برسان دا دەمرن! مەلا مستەفا روو لە نووری سەعید دەکات و دەڵێت، من بڕوام بە قسەکانی تۆ هەیە، ئەگەر واز لە کوردایەتی بێنم، بارزانییەکان دادەمەزرێنیت لەناو سوپا و پۆلیس، قوتابخانە بۆ ناوچەکە دابین دەکەیت، بڕوام بە قسەکانت هەیە، بەڵام من بەڵێنێکم بە نەتەوەی کورد داوە کە پشتیان تێنەکەم و خەبات بۆ مافەکانیان بکەم، جا جەنابی پاشا باش گوێم لێبگرە، ئەگەر ئەوەی تۆ دەیڵێیت بێتە دی و بارزانییەکان رەزیل و برسی ببن، بگاتە ئەوەی بچم 100 دینار لە ئوم راجیحە قەرز بکەم و برسییەکانی پێی رزگار بکەم، دڵنیابە نایکەم!  وەختێک نووری سەعید گوێی لە ناوی ئوم راجیحە دەبێت سەری دادەخات و تاوەکو چەند دەقیقەیەک هیچ قسەیەک ناکات.
 
دواتر مەلا مستەفا دەگێڕێتەوە بیرم کردەوە چ رێگەیە هەڵبژێرم جگە لەوەی کە تاوەکو دوا ساتەکانی ژیانم خەبات بۆ گەلەکەم بکەم و تەسلیمی هیچ دووژمنێک نەبم، جگە لە خەبات و شۆڕش رێگەیەکی دیکەم لە نەدۆزییەوە.
 
هەرچەندە رێککەوتنێک لەنێوان بارزانی و نووری سەعید دا کرا، بەڵام هەر زوو بە فیتی ئینگلیزەکان هەموو شتێک هەڵوەشایەوە و بارزانییەکان ناچاربوون دەست بدەنەوە چەک و بەرگری بکەن. دواتر روویان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و بۆ پارێزگاری لە کۆماری کوردستان و چوونە پاڵ سوپای کۆماری کوردستان، لەپێناو پارێزگاری لە کۆماری کوردستان دەیان کەسیان لێ شەهید و بریندار بوو. 
 
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دڵنیا رەحمان

جیهان لە چاوی کامێرای کوردستان دا

کچێکی کوردی سنەییم، کۆڵەپشتی رۆژنامەڤانیم لە پشتە، دەچم بۆ نێو جەرگەی شەڕێکی گەورەی نێوان بە رواڵەت دوو دەوڵەت، بەڵام تۆ وادابنێ دوو جەمسەری جیهان. هەرچەند رووماڵی شەڕ مەترسیدارە، بەڵام کارەکە هەستێکی تایبەتم پێدەدات، لەبەرئەوەی ئێمەی کورد زۆر کارەساتمان بەسەر هاتووە و گلەییمان هەبووە کە راگەیاندنی دنیا وەک پێویست بایەخی پێنەداون، کە کۆڕەوی بەهاری 1991ی باشووری کوردستانیش روویدا، هەر راگەیاندنی جیهان بوو، کردییە رۆژەڤی گەورە و جیهانی لێ ئاگادارکردەوە، کەواتە کورد لە بایەخی میدیا تێگەیشتووەو، ئێستا خۆی خاوەنی دەزگایەکی میدیایی ئەوتۆیە کە رووداوەکانی جیهان بە زمانی کوردی دەگوازێتەوە و بە زمانی دیکەش لەگەڵ جیهان دا بەشی دەکات.