هەڵوژەکەی دایکی کاک فوئاد

30-10-2024
کاوە ئەمین
A+ A-
 
ساڵی 1995 لە شاری یێڤلەی سوێد گیرسابوومەوە، شارێکی لە چاو ستۆکهۆڵمەوە زۆر بچووک بوو، جگە لە سوێدییەکان ژمارەیەکی تاوەکو رادەیەک زۆر بیانی لەو شارە دەژیان، لە شەقامەکاندا جگە لە زمانی سوێدی، گوێت لە دەیان زمانی دیکەیش دەبوو. لە هاوینان دا یێڤلە بە هەشتێک بوو لەو گۆڕەی، یەکێک لە گۆڕەپانە گەورەکانی شار کە جادە گشتییەکەی کردبووە دوو بەشەوە، پەیکەرێکی درێژ بەڕاکشاویەوە پاڵی لێدابووەوە. چەند گەنجێک بووین، دوای نیوەڕوان لە دەوری پەیکەرەکە کە لەنێو حەوزێکدا بوو، دادەنیشتین.
 
پێشتر و زۆرجاری دیکەیش لە هاوڕێ رۆژهەڵاتییەکانم ناوی فوئادی سووڵتانیم بیستبوو کە ئەوان پێیان دەگوت کاک فوئاد، هەرچەندە هەندێک لەوانە لە کۆمەڵە تووندڕۆکان بوون بەرانبەر بە ئایین و خوداپەرستی، کەچی خۆیان وەکو دەروێشێک کاک فوئادیان دەپەرست، زۆر جار لەگەڵیان دەکەوتمە دەمەقاڵییەوە بەتایبەتی کە دەمبیست کۆمەڵەییەکان دژی سەربەخۆیی کوردستانن و لە شا زیاتر خۆیان بە ئێرانیتر دەزانن، دیارە ئەوانیش لق و پۆپی جیاوازیان لێ ببووەوە، بەتایبەتی لایەنگرانی مەنسوور حیکمەت دەتگوت قیروزفتن بە عێراقچێتییەوە لکابوون، وێنەی شارەکانی کوردستانیان بە سوێدییەکان نیشان دەدان و دەیانگوت ئەوەیە عێراق، چەند جارێک لەگەڵیان کەوتمە دەماقەڵە، جارێک لە کتێبخانەی گشتیی شارەکە پێشانگەیەکیان کردبووەوە، لەسەر هەموو وێنەکانی کوردستان نووسیبوویان عێراق، یان لە باشترین باردا: باکووری عێراق. ئیدی منیش هەموو وێنەکانی کوردستانم کۆکردەوە، دەتگوت ماڵی باوکمن، پێگوتن ئەوانە شاری ئێمەن و کوردستانین، وێنەی هۆرەکانیش با بۆ خۆتان بن (دیارە دەبێت بڵێم بەشێک لەوانە ئێستا وەکو کەریمی حیسامی دەڵێت بایانداوەتەوە و لە بەشیر موشیر کوردستانیترن)، باشبوو ئەوان بە سەبرتربوون دەنا پۆلیس بهاتایە کێشەکە قووڵ دەبوو.  
 
رۆژێک لەگەڵ هاوەڵێکدا بەناو شاردا دەخولاینەوە، لە دوورەوە ژنێکم بینی جلێکی کوردی رۆژهەڵاتییانەی لەبەردابوو، لەچکێکی سپی یان جامانەیەکی دابوو بەسەریدا، لە باکووری کۆتایی دنیا، ژنێکی کورد بە جلی کوردی و قژە سپییەکەیەوە، وەکو ئەوە وابوو رێڕەوی رووبارێک بگۆڕیت بۆ سەر دەشتێکی کاکی بە کاکی و، تێنوێتی خاکی پێ بشکێنیت! هێشتا من هەر چاوم لەسەر ژنە کوردەکە لانەبردبوو، هاوڕێیەکەم گوتی ئەوە دایە بەهێیە، دایکی کاک فوئادە، پێنج کوڕی لەلایەن ئێرانەوە شەهیدکراون! بەناوهێنانی (بەهێ) و شەهید، دەتگوت لە خەوێکی قووڵ راچڵەکیوم، ئاخر دایکی منیش ناوی (بەهێ) یە و باوکم شەهیدە، رێکەوتێکی سەیر بوو. ئیدی بەرەوپیری دایە بەهێ رۆیشتین، سڵاومان لێکرد و دەستیمان ماچ کرد، هەر بەڕاستی بۆنی کوردستانی لێدەهات. چەند جارێکی دیکەیش هەروا سەرپێیی بە خزمەتی گەیشتمەوە، ئیتر تاوەکو هەواڵی کۆچی دواییم بیست نەمبینییەوە. هەر بەڕاستی دایە بەهێم وەکو پاڵەوانی رۆمانی دایکی ماکسیم گۆرکی دەهاتە بەرچاو، کە لە تەمەنی 14 ساڵی دا بە دزییەوە لە ئەحمەدی حاجی برایمی دراوسێمانم وەرگرت و خوێندمەوە، هێشتا چێژی ئەو خوێندنەوەیە لە هزرمدا دانەمرکاوە، هەر ژنێکی زەحمەتکێش و شۆڕشگێر و کەسوکار ئەنفال و شەهیدی کورد دەبینم، رۆمانەکەی گۆرکیم دێتەوە یاد، سەیرە ئێمە ئەو هەموو دایکەمان هەن کەچی نەبوونە رۆمانێکی دیکەی دایک بە زمانی کوردی. 
 
رۆژ و مانگ و ساڵمان پاڵ پێوەنان و منیش "ئاگری سپی پیری کەوتووەتە نێو قژی رەشم"، ئەم جارە لە ستۆکهۆڵم (مانگی گوڵانی 2024) سەردانی کچە پێشمەرگەکەی دایە بەهێ، مەلەکە سوڵتانیم کرد. مەلەکە کەسێکی خوێندەوار و هۆشیار و پێشمەرگەیەکی زەحمەتکێشی ساڵانی هەشتاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، غوربەت و ئاوارەیی، حەسرەتی دوورە وڵاتی، خەمی پێنج برای شەهید، مێرد شەهید و لەدەستدانی کچە تاقانەکەی (بەیان)، بوونە بارێکی سەنگین و قورسی هەمیشەیی و هاوڕێیەکی دانەبڕاو لێی، پێکەوە رۆژ و شەو لە ژوورێکی گچەکەدا دەکەنەوە. 
 
دەمویست بەسەرهات و چیرۆکی بنەمەڵەیەک تۆمار بکەم کە لە فیداکاری بۆ گەلەکەیان قسووریان نەکردووە، ئەوان ویستویانە لە رێگای بیروباوەڕی چەپەوە گەلەکەیان رزگار بکەن. پاشخانی ئاغایەتی و شێخایەتی بنەماڵەکەیان رێگر نەبووە لەوەی خوشک و براکان بە رێگەیەکی دیکەدا بچن و بە خوێنی خۆیان گوندەکەیان (ئاڵمانە) بە کوردستانی گەورە بناسێنن.
 
یەکێک لەو رووداوانەی مەلەکە بۆی گێڕامەوە، مانگرتن لە خواردن بوو لەلایەن زیندانییە سیاسی و گشتییەکانی شاری سنەوە لە ساڵی 1974 دا. مەلەکە دەتگوت باسی دوێنێم بۆ دەکات، باسی کاک فوئادی برای دەکرد کە ماوەی زیاتر لە 20 رۆژ بوو لەگەڵ هاوەڵەکانی مانیان لە خواردن گرتبوو و گوتی: لەگەڵ دایکم و براکانم و خەڵکێکی زۆر لەبەردەم زیندانی سنە بۆ پشتیوانی لە مانگرتووەکان راوەستابووین، کاتێک کاک فوئادیان هێنا نەیدەتوانی بەپێوە بوەستێ و دەستەکانی بە شیشی پەنجەرە بچکۆلەکەی نێو دەرگاکەوە گرتبوون، دەتگوت چەند کۆڵەوژێکی رەق و تەقن، دایکم دەیویست ماچیان بکات، بەڵام کاک فوئاد نەیدەهێشت، لەپڕ دایکم یەک دانە هەلوژە کە نازانم لە کوێی بوو، چۆنی هێنا بوو، بۆ تەنیا هەڵوژەیەکی بەدەستەوە بوو، داوای لە کاک فوئاد کرد لەبەرخاتری من تەنیا ئەو هەڵوژەیە بخۆ، بەڵام کوڕەکەی زۆر بە سادەیی و بە بزەیەکەوە وەڵامی دایکی منی دایەوە و گوتی دایکە بڕیارمان وانییە، یان هیچ ناخۆین یان دەبێت پێکەوە لەگەڵ هاوڕێیەکانم شتێک بخۆین!
 
لە کوێی دنیادا بووە لە ماوەی چەند مانگێکدا دایکێک سێ لە باشترین کوڕەکانی لەدەست بدات، لە کوێی دنیادا بووە دایکێک لە یەک رۆژدا دوو کوڕی تیرباران بکرێن و بە دەستی خۆی لە گۆڕی غەریبایەتی دەریانبهێنێتە دەرەوە، چەندین کاژێر لەپشتی پیکابێکدا بەسەریاندا بگری و پاشانیش لە مزگەوتەکەی ئاڵمانە شەوێک تاوەکو بەیانی سەری هەردووکیان بخاتە سەر رانی و بیانلاوێنێتەوە، پاشان لە پەنای گۆڕەکەی کاک فوئاد بیانێژێ، بەبێ ئەوەی بزانێت پاش ماوەیەکی دیکە ریزی گۆڕی کوڕەکانی درێژ دەبێتەوە و دەبنە گۆڕی پێنج برا لە گۆڕستانی تاڵەسوار لە گوندەکەی خۆیان ئاڵمانە (فوئاد، ئەمین، حوسێن، ئەمجەد و ماجیدی مستەفا سوڵتانی) کە راستەوخۆ لە شەڕدا گیانیان لە دەست داوە یان تیرباران کراون. کاتێک مەلەکە سوڵتانی بە چاوی پڕ فرمێسکەوە لە کامێراکەمانی دەڕوانی و چیرۆکی شەهیدبوونی براکانی و جەعفەری شەفیعی مێردی بۆ دەگێڕامەوە، وەکو مام هێمن دەڵێت: "گەلێک بیرەوەری کۆنم لەپڕ هاتنەوە بەبیرا"، مێژووی کۆمەڵکوژی دێرسم، گەلی زیلان، ئەنفال، سنەی خوێناوی، هەڵەبجە، سینەمای ئامودێ و رووخانی گوندەکەمان بە دیارچاومانەوەم دەهاتنەوە پێش چاو، دڕندەیی داگیرکەر و بێ نرخی خۆفرۆشانی کوردم دەهاتەوە بەرچاو کە چۆن وا بە ماتە ماتە خۆیان لە ئەشکەوتەکەی عەلی شێر و بەسێ خانم نزیک دەکەنەوە و دەیاندەنە بەر دەستڕێژی فیشەک، پاشان سەریان دەبڕن و دەیاندەنە دەستی جەندرمەکان، مێژوویەکی پڕشکۆ، بەڵام بە دیوەکەی دیکەدا سەرشۆڕی، سەیرە ئێستاش ئەم دوو ئاراستە مێژووییە هاوتەریب درێژەیان هەیە.
 
کاتێک لە تۆمارکردنی بەرنامەی پەنجەمۆر لەگەڵ مەلەکە تەواوبووین و خەریک بوو لە دەرگای ماڵەکەیان دەچووینە دەرەوە، دیسان داوای لێبووردنم لە مەلەکە کرد کە برینی سی بۆ چل ساڵی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەیم کولانەوە. خاترخوازیم لە هاوکارەکانم کرد، تێکەڵ بە نمەی باران و تەم و مژ و کزە بایەکی ساردی ستۆکهۆڵم بووم. سواری شەمەندەفەرێک بووم، هەر بە راستی دیقەتم نەدا بەرەو کوێ خۆی دەخشێنێت، بەنێو کام تونێلدا دەڕوات، دەمویست خۆم ون بکەم.  
 
تێبینی: هەموو ئەم بەسەرهاتانە و زۆر چیرۆکی تراژیدی و قارەمانانەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا لە بەرنامەی (پەنجەمۆر) لەگەڵ مەلەکە سوڵتانی بڵاودەکەینەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. گه‌نجۆ خه‌سره‌و، دكتۆرا له‌ جیۆپۆڵەتیك و مامۆستا له‌ زانكۆی كۆیه‌

سه‌رژمێری، دواچه‌قۆی‌ مه‌رگ له‌ جه‌سته‌ی كوردستانییه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مەڕوو، كۆمه‌ڵێك داتای نافه‌رمین و هه‌ندێكی له‌‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ تایبەتییەکانەوە وه‌رگیراون‌ و هه‌ندێكی بڵاوكراوه‌ی رۆژنامه‌وانین، كه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیدیه‌،‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی كورد تۆزێ خه‌می خاكیان له‌ دڵ و ده‌روونیان مابێت، ده‌بێت رێكاری پێویست بگرنه‌ به‌ر و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ رابگرن.