هاووڵاتییەکی ئەمریکی دوای پشکنینی DNA دەرکەوت 38 ساڵ بە بێتاوان زیندانی کراوە

30-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاووڵاتییەکی ئەمریکی دوای ئەوەی 38 ساڵی بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک لە بەندیخانەدا بەسەربرد، بەهۆی بەڵگەیەکی DNAـەوە بێتاوان دەرچوو و ئازاد کرا.
 
مۆریس هاستینگ، پیاوێکی رەشپێستی ئەمریکییە و بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک لە ساڵی 1983 لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و دوو هەوڵی کوشتنی دیکە، زیندانی کرا.
 
بەڵام بەڵگەیەکی نوێی DNA دەریدەخات کە پیاوێکی دیکە بکوژ بووە و لە ساڵی 2020دا لە بەندیخانە مردووە.
 
لە ساڵی 1983 دادگە بڕیاری زیندانیکردنی هاستینگی جێبەجێ کرد؛ ئەو کاتە هاستینگ تەمەنی 31 ساڵ بوو؛ ئێستا تەمەنی بووەتە 69 ساڵ، واتە نیوەی زیاتری تەمەنی لە بەندیخانەدا بەسەربردووە.
 
جۆرج گاسکن، دادوەری دادگەی لۆس ئانجلس لەبارەی سزادانەکەیەوە رۆژی شەممە 29-10-2022 گوتی، "خراپترین نادادپەروەرییە" و بە تووندی هێرشی کردە سەر سیستمی دادوەری لە ئەمریکا و گوتی، "سیستمی دادوەری تەواو نییە و کاتێک بەڵگەیەک دەدۆزینەوە کە وامان لێدەکات متمانەمان بە بڕیاری دادگە نەمێنێت، ئەرکی سەر شانی ئێمەیە بە شێوەیەکی خێرا کردار بنوێنین."
 
رۆبێرتا وایدەرمایەر، ئەو ژنە بوو کە لە ساڵی 1983 بە کوژراوی لە سندووقی ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە کە فیشەکێک بە سەریەوە نرابوو. بەگوێرەی دادگەی ئەمریکا، پێش ئەوەی ژنەکە بکوژرێت، دەستدرێژیی سێکسی کرابووە سەری.
 
دوای ئەوە، هاستینگ بە کوژرانی وایدەرمایەر تۆمەتبار کرا و داوای سزای لەسێدارەدانی بۆ کرا، بەڵام دواتر دادگە بڕیاری زیندانیی تاهەتایی بۆ دەرکرد.
 
لە کاتی پشکنینی جەستەی قوربانییەکە، تۆوی "پیاوێک" لەسەر جەستەی قوربانییەکە بەدیکرا. هەر زوو هاستینگ رەتیکردەوە کە لە تاوانەکەدا تێوەگلابێت و داوای پشکنینی DNAی کرد، بەڵام دادوەری ویلایەتی کالیفۆرنیا رەتیکردەوە پشکنینەکە بکرێت.
 
دواجار لە ساڵی 2021دا یەکەی دەستپاکیی کالیفۆرنیا رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی DNA دەربڕی و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بێتاوانیی هاستینگ دەرکەوت. رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش چووە بەردەم دادگە بۆئەوەی سزاکەی هەڵبوەشێندرێتەوە. رۆژی هەینی، 28ی تشرینی یەکەم، دادگەی لۆس ئانجلس ئازادکردنی راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە