رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕی غەززە دەکات و دەڵێت، هۆکاری بنەڕەتی پەرەسەندنی گرژییەکانی دەریای سوور لە بەر پەرەسەندنی ململانێی غەززەدایە و کۆتاییهێنان بەو ململانێیە بە زووترین کات، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ئاساییکردنەوەی دۆخی دەریای سوور.
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە پەککین راگەیاند، دەریای سوور "کەناڵێکی گرنگی بازرگانی نێودەوڵەتییە بۆ کاڵا و وزە، ئێمەش خوازیاری گرژی نین لە دەریای سوور. داوای کۆتایی هێنان بە کردەوەی هەراسانکردنی کەشتییە مەدەنییەکان دەکەین و داکۆکی لە رێزگرتنی کاریگەرانە بۆ سەروەری ئەو وەڵاتانەی دەکەونە سەر دەریای سوور دەکەین، لەوانەش یەمەن کە پابەندە بە هەوڵی ئەرێنی لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ کەمکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی دەریای سوور."
وەزارەتی دەرەوەی چین پێیوایە، هۆکاری بنەڕەتیی پەرەسەندنی دۆخی دەریای سوور لە بەر پەرەسەندنی ململانێی غەززەدایە و "کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە بە زووترین کات دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ئاساییکردنەوەی دۆخی دەریای سوور."
لەو بارەیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی راگەیاند، "داوا لە هەموو لایەنە بەشدارەکان لە ململانێی غەززە دەکەین کە بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی گشتی بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکەن و دەستبەجێ شەڕەکان تابگرن. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی هاوئاهەنگ بەرامبەر بەم کارە بگرێتەبەر."
رۆژی یەکشەممە هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی ئوردن لەسەر سنووری لەگەڵ سووریا کە بووە هۆی کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 40ی دیکە.
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئێمە دەزانین ئێران چەک و زانیاری بۆ گرووپە نزیکەکانی دابین دەکات. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانمان، کەتائیبی حیزبوڵڵا لەپشت هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەوە بووە".
لەبارەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن "لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە،" گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە نێردراوی رووداوی راگەیاند، "ئێمە تێبینیمان کردووە، باس لە قوربانییەکان دەکرێت کە بەهۆی هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاوە روویانداوە. هەروەها ئەوەش تێبینیکراوە کە ئێران رایگەیاندووە کە پەیوەندیی بەو هێرشەوە نییە. دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر ئاڵۆز و هەستیارە. هیوادارین هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئارام بن و دان بەخۆیاندابگرن و گفتوگۆ و پەیوەندی بەهێزتر بکەن. خۆیان لە کەوتنە ناو بازنەی دووبارە تۆڵەسەندنەوە و سزادان بەدوور بگرن. رێگری بکەن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییە هەرێمیەکان."
بەگوێرەی پێنتاگۆن، لە 17-10-2023ـەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، نزیکەی 160 جار هێزەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین:
رووداو: ئایا هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا کاریگەریی خراپیان هەبووە لەسەر بازرگانیی چین لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟
وانگ وێنبین: دەریای سوور کەناڵێکی گرنگی بازرگانیی نێودەوڵەتییە بۆ کاڵا و وزە، ئێمەش خوازیاری گرژی نین لە دەریای سوور . داوای کۆتایی هێنان بە کردەوەی هەراسانکردنی کەشتییە مەدەنییەکان دەکەین و داکۆکی لە رێزگرتنی کاریگەرانە بۆ سەروەری ئەو وەڵاتانەی دەکەونە سەر دەریای سوور دەکەین، لەوانەش یەمەن کە پابەندە بە هەوڵی ئەرێنی لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ کەمکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی دەریای سوور. هۆکاری بنەڕەتیی پەرەسەندنی گرژییەکانی دەریای سوور لە بەر پەرەسەندنی ململانێی غەززەیە و کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە بە زووترین کات، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ئاساییکردنەوەی دۆخی دەریای سوور. داوا لە هەموو لایەنە بەشدارەکان لە ململانێی غەززە دەکەین کە بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی گشتی بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکەن و دەستبەجێ شەڕەکان ڕابگرن. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی هاوئاهەنگ بەرامبەر بەم کارە بگرنەبەر.
رووداو: کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێران دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، چین چۆن دەڕوانێتە ئەم هێرشانە؟
وانگ وێنبین: ئێمە تێبینیمان کردووە، باس لە قوربانییەکان دەکرێت کە بەهۆی هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاوە روویانداوە. هەروەها ئەوەش تێبینیکراوە کە ئێران رایگەیاندووە پەیوەندیی بەو هێرشەوە نییە. دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر ئاڵۆز و هەستیارە. هیوادارین هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئارام بن و دان بەخۆیاندابگرن و گفتوگۆ و پەیوەندی بەهێزتر بکەن. خۆیان لە کەوتنە نێو بازنەی دووبارە تۆڵەسەندنەوە و سزادان بەدوور بگرن. رێگری بکەن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییە هەرێمیەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ