گووگڵ ناوەندی نوێی کۆمپانیاکەی دەکاتەوە

29-06-2022
شاد فاروق @shadfarooqh
نیشانەکردن گووگڵ
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە سلیکۆن ڤالی لە ویلایەتەی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، کۆمپانیای گووگڵ ناوەندی نوێی کردەوە کە رووبەرەکەی 100 هەزار مەتر دووجایە، سەربانەکە شێوەی چەترێکی گەورەیە کە هەمووی بە پانێلی هەتاوی داپۆشراوە و لە ژوورەوەش زۆرترین وزە و رووناکی دەبەخشێت.
 
میشێل کافمان، بەڕێوبەری گەشەپێدانی کۆمپانیای گووگڵ دەڵێت: "پێمانوایە نەریتەکانی ژیان گۆڕدراون. لەبەرئەوە گۆڕانکاریمان لە دیزاینی باڵەخانەکە بەتایبەتی نهۆمی سەرەوە کرد. بەچەشنێک دیزاین کراوە کە توانای گۆڕانکاریمان هەبێت و بکرێت لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی کاری بازرگانی گۆڕانکاری تێدا بکەین."
 
رووبەری ئەو ناوەندە 100 هەزار مەتر دووجایە و ئامادەکراوە بۆ گەڕانەوەی کارمەندانی گووگڵ کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا لە ماڵەوە کارەکانیان دەکرد. 
 
ناوەندی نوێی گووگڵ لەسەر زەوییەک بە رووبەری 17 هێکتار دروستکراوە کە نزیکە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ناسا و دیمەنی چیا و تەپۆڵکەکانی سیلیکۆن ڤالی لێوە دیارە.
 
میشێل کافمان، بەڕێوبەری گەشەپێدانی کۆمپانیای گووگڵ گوتیشی: "پاسکیل بووەتە کولتوورێک لە گووگڵ وەک ئامێرێک بۆ پەیوەست بوون. بۆ ئەوەی لەو کاتانەی کە لەناو ناوەندەکە بەملاوبەولادا دەڕۆێت کەڵکی لێوەرگریت. بیرمان لەمە کردەوە پاسکیلە زەردەکان هەموو کەس بەکاری بهێنێت لە جیاتی ئەوەی کە هەر کەسێک پاسکیلی خۆی هەبێت."
 
ناوەندی نوێی گووگل جگە لە نووسینگەی کۆمپانیاکە، سەنتەری بەڕێوبردنی بۆنەکانی کۆمپانیا و شوێنی حەوانەوەی کارمەندان لەخۆ دەگرێت. لە نهۆمی یەکەمدا ناوەندەکە شوێنی وەرزش و کافتریا و شوێنی گفتوگۆ و کۆبوونەوەی کارمەندانی تێدا دروستکراوە. بڕیارە لە ماوەی چەندین هەفتەی داهاتوو 4500 کارمەندی کۆمپانیاکە بگوازرێنەوە بۆ ئەو ناوەندە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە