رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی ساڵێک بەسەر کودەتای میانماردا تێپەڕی و هێشتا ناسەقامگیری باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە. تاوەکو ئێستاش لە چەند بەشێکی وڵاتەکە شەڕ بەردەوامە. دوای ساڵێک لە کودەتاکە، بەشێک لە هاووڵاتیانی میانمار دۆخی وڵاتەکەیان بە "دۆزەخ" ناودەبەن.
1ـی شوباتی ساڵی 2021، چەند کاژێرێکی کەم پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێی وڵاتەکە، سوپای میانمار پەرلەمانی گەمارۆدا و سەرۆک، راوێژکار، وەزیر و هەموو جێگرەکانیشیان دەستگیرکردن، ئەوەش کۆتایی بە دیموکراسیێکی ساوا هێنا و ململانێیێکی خوێناویی لە نێوان سوپا و دژبەرانی کودەتاکە لێکەوتەوە.
هێتوو ئۆنگ، دانیشتووی یانگۆنە لە میانمار و گوتی، "دوای نزیکەی ساڵێک لە کودەتاکە، هێشتا لە میانمار رۆژانە خەڵک لە لایەن سوپاوە دەکوژرێن و جیهانیش چاودێریی ناکات. ئەنجوومەنی سەربازی تاوەکو ئێستاش تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەکات، وەکو دەستگیرکردنی خەڵکی سڤیل، سووتاندنی گوندەکان لە ناوچەکانی هێزەکانی بەرگریی گەل. ئێمە رووبەڕووی ئەشکەنجە، کوشتن و چەوساندنەوە دەبینەوە."
بەگوێرەی رێکخراوێکی چاودێریکردنی دۆخی میانمار، لە سەرەتای کودەتاکەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 500 کەسی سڤیل بەدەستی سوپا کوژراون و زیاتر لە 11 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.
هێتوو ئۆنگ باسی لەوەش کرد، "لە دوای کودەتاکەوە، ئامانج و خەونەکانمان نەمان، ئێستا تەنیا خەمی ئەوەمانە چۆن ژیانی رۆژانەمان لە ژێر دیکتاتۆرییەتی سەربازیدا بەسەر ببەین. ئەم ساڵەی دوای کودەتاکە بە هەموو شێوەیەک دۆزەخ بووە بۆ من."
مایسو، دانیشتوویەکی دیکەی یانگۆنە و ئاماژە بەوە دەکات، "گەنجانی میانمار تامی ئازادی و تەکنەلۆژیایان لەم ساڵانەی دواییدا کرد و ئێمە تەنیا دەمانەوێت لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام بین، نامانەوێت بڕۆینەوە نێو چاڵێکی تاریکەوە. ئەگەر لە ژێر سایەی ئەنجوومەنی سەربازی بژین، ئەوا گیانمان دەمرێت. هیچ دەرفەت و چانسێکمان لە ژیاندا نابێت."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای کودەتاکەی میانمارەوە، 37 هەزار کەس لە نێوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون و ژمارەی پەنابەرانی میانماریش لە وڵاتانی دراوسێ گەیشتووەتە 980 هەزار کەس.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ژمارەیەک سزایان بەسەر ژەنەڕاڵەکانی سوپای میانماردا سەپاندووە، بەڵام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی ڤیتۆی رووسیا و چینەوە هیچ بڕیارێک دژی ژەنەڕاڵەکان دەرنەکراوە. گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتیش دەڵێت خەڵکی میانمار لە یارمەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسی بێهیوابوون.
سوپای میانمار بەڵێنیداوە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان بکات، بەڵام گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتیی بە دووری دەزانێت ژەنەڕاڵەکانی سوپا دەستبەرداری دەسەڵات بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ