رووداو دیجیتاڵ
لە باشووری فلۆریدای ئەمریکا ئۆتۆمبێلێک خۆی دەکات بەنێو ژمارەیەک منداڵ و لە ئەنجامدا دووانیان دەکوژێت و چوار منداڵی دیکەش بەسەختی بریندار دەکات.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 26-12-2021 نووسینگەی ئەفسەری پۆلیس لە ناوچەی برۆورد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رووداوەکە لە ناوچەی میلتۆن مانۆرسی فلۆریدا روویداوە و دوای رووداوەکەش شۆفێرەکە هەڵاتووە و تاوەکو ئێستاش دەستگیر نەکراوە.
نووسینگەی ئەفسەری پۆلیس راشیگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ویڵتۆن مانۆرس لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رووداوەکە دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بزانن هۆکاری رووداوەکە چی بووە. لای خۆشیەوە پۆلیسی ویڵتۆن مانۆر لە تویتێکدا رایگەیاندووە، لیژنەیەکیان لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر رووداوەکە پێکهێناوە.
شەوی دووشەممە، ستێڤن گۆڵن، ئەفسەری بەتالیۆن لە بەشی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەی فۆرت لۆدێردەی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ئەو منداڵە بریندارانەی رەوانەی نەخۆشخانە کراون برینەکانیان سەختە و گوتیشی، "تەمەنیان لە 10ساڵ تێپەڕناکات."
بە گوێرەی شایەتحاڵانیش پێش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە لە منداڵەکان بدات، بۆ ئەوەی خۆی لە بەرکەوتنی پاسێک رزگاربکات، لایداوەتە سەر شۆستە و دواتریش منداڵەکانی شێلاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ