کۆریای باکوور سەربازێکی ئەمریکی ئازاد دەکات

28-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن کۆریای باکوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، سەربازێکی سوپای وڵاتەکەیان دوای ئەوەی ماوەی دوو مانگ لە کۆریای باکوور دەستبەسەر کرابوو، ئازادکراوە و بڕیارە رەوانەی ئەمریکا بکرێتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئازادکردنی سەربازە ئەمریکییەکەی ئاشکرا کرد و گوتی "سوپاسی حکومەتی سوێد دەکەین وەکو هێزێکی پارێزەر بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها سوپاسی حکومەتی چینیش دەکەین بۆ ئەو هاوکارییانەی لە گواستنەوەی سەربازەکە پێشکەشی کردووە."
 
هاوکات، میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رایگەیاند، سەربازە ئەمریکییەکە بە دەزگا ئەمنییەکانی کۆریای باکووری راگەیاندووە بەشێوەیەکی نایاسایی هاتووەتە نێو خاکی کۆریای باکوور، "چونکە بێهیوا بووە لە کۆمەڵگەی نایەکسانی ئەمریکی."
 
رۆژی 19-7-2023 فەرماندەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە چاودێری و کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو کۆریاکە دەکات، ئەو راپۆرتە میدیاییانەی پشتڕاستکردەوە کە تراڤێس کینگ، سەربازی ئەمریکی رۆژی 18ـی هەمان مانگ لەکاتی گەشتێکیدا بۆ ناوچە سنوورییەکان، بەرەو کۆریای باکوور هەڵاتووە.
 
میدیای ئەمریکا ئاشکرای کردووە، کینگ هەفتەیەک پێش ئەوەی هەڵبێت بۆ کۆریای باکوور، لە کۆریای باشوور دووچاری کێشە هاتووە و لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە، دواتر رادەستی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە کراوەتەوە.
 
تراڤەس کینگ لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە رەوانەی فڕۆکەخانەی سیئۆل کرابوو بۆ ئەوەی بگەڕێندرێتەوە ئەمریکا، بەڵام بە نهێنی فڕۆکەخانەی جێهێشتبوو و لەگەڵ گرووپێکی گەشتیاری چووبووە سەر سنووری کۆریای باکوور، پاشان لە گرووپەکە دابڕابوو و هەڵاتبوو بۆ کۆریای باکوور.
 
کینگ تەمەنی 23 ساڵە و لە کانوونی دووەمی 2021ـەوە لەنێو سوپای ئەمریکا خزمەت دەکات.
 
سنووری نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور بە دیواری کۆنکریتی گیراوە، ژمارەیەکی زۆر سەربازی هەردوو وڵات لەسەر سنوور هەن، بەڵام لە ناوچەی لەچەک داماڵێوراوی هاوبەشدا دیوارەکان نزمن، ئەوەش وایکردووە بۆ پەڕینەوە ئاسان بێت. 
 
ئەمریکا و کۆریای باکوور هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسییان نییە. ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بە باڵیۆزخانەی سوێد لە پیۆنگیانگی پایتەختی کۆریای باکوور سپێردراوە.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیاوێک بە بەردەم بۆرسەی نیویۆرک دا تێدەپەڕێت. وێنە: Reuters

پیاوێکی ئەمریکی بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا

پیاوێکی ئەمریکی تەمەن 30 ساڵ بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا. پلانەکەی دوای ئەوە ئاشکرابووە کە لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ چەند کەسێک کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، بەڵام نەیزانیوە کارمەندی پۆلیسن.