رووداو دیجیتاڵ
دوو هێلیکۆپتەری سەربازیی ئەمریکی لە ویلایەتی ئالاسکا لە کاتی مەشق و راهێناندا خۆیان بەیەکدا کێشا، بەوهۆیەوە سێ سەرباز گیانیان لەدەستدا و سەربازێکی دیکەش برینداربوو.
رۆژی هەینی، 28ـی نیسانی 2023، جۆن پانل، گوتەبێژی سوپای ئەمریکا لە ویلایەتی ئالاسکا رایگەیاند، "دوو هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری AH-64 Apache بوون. تاوەکو ئێستا نازاندرێت کە هۆکاری رووداوەکە چی بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."
رووداوەکە کاژێر 22:00ـی رۆژی پێنجشەممە بە کاتی نێوخۆ (6:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی بە کاتی هەولێر) لە ناوچەی هیڵی لە ئالاسکا روویداوە.
لە ماوەی رابردوو چەندین رووداوی خۆبەیەکداکێشانی هێلیکۆپتەر لە ئەمریکا روویانداوە. لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە ویلایەتی ئەلەباما دوو هێلیکۆپتەر خۆیان بەیەکدا کێشا و بەو هۆیەوە دوو سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستدا.
هەروەها لە 30ـی ئاداری ئەمساڵ، دوو هێلیکۆپتەری سەربازیی ئەمریکی لە ویلایەتی کێنتاکی لە کاتی مەشق و راهێناندا خۆیان بەیەکدا کێشا و بەهۆیەوە نۆ سەرباز گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ