رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، نەدەبوایە راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممەی رابردووی حکومەتی وڵاتەکەی لەبارەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان هیچ کەسێکی سەرسام بکردایە، لەوانەش بەرپرسانی تورکیا.
ئەنتۆنی بلینکن لە گوتەیەکدا لە "سەنتەری میدیای بیانیی واشنتن" رایگەیاند، هەڵوێستی جۆ بایدن لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا لەبارەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان روون بووە؛ چ کاتێک ئەندامی کۆنگرێس بووە و چ کاتێک بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دەکرد و لە سەرەتای دەستبەکاربوونیشەوە وەک سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە کە بایەخێکی زۆر بە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەدات و تێگەیشتن لە مێژوو و داننان بە مامەڵە خراپەکانیش، بەشێکە لەو بابەتە بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکان بگیرێت.
ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی چەند رۆژێک پێش ئێستایاندا، جۆ بایدن "گفتوگۆیەکی باشی" لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان هەبووە و "چاویشیان لەوەیە یەکدی ببینن، چونکە زۆر بوار هەن کە هەردوو وڵات دەتوانن پێکەوە کاریان تێدا بکەن". بلینکن گوتی، "تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ناتۆیە. بەرژەوەندیی هاوبەشی هەرێمایەتی و جیهانییمان هەیە و دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانیشمان بدەین".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەیشاردەوە کە هەندێک جیاوازی لەنێوان حکومەتی هەردوو وڵاتدا هەیە و گوتیشی، زۆر بە روونی بە تورکیایان گوتووە کە دەبێت دەستبەرداری سیستمی دژە مووشەکی ئێس 400 بێت.
ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، "بەکارهێنانی سیستەمی دژە مووشەکی ئێس 400 پێچەوانەی تەواوی ئەو پابەندییانەیە کە هاوپەیمانەکانمان لە لە لووتکەی وارشۆ لە ساڵی 2016 بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنیان بە کەرەستە سەربازییەکانی رووسیا جەختیان لێکردەوە. کڕینی ئەو سیستمە دژە مووشەکییە ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و تەکنەلۆژیا و سەربازانی هاوپەیمانەکانمان دەخاتە مەترسییەوە. لە هەمانکاتدا، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی لاوازکردنی ئەو پێکەوەکارکردنەی کە لەنێو هاوپەیمانیی ناتۆدا هەیە. هەروەها کڕینی ئەو سیستەمە دژە مووشەکییە واتە دابینکردنی داهاتێکی زیاتر بۆ کەرتی پیشەسازیی رووسیا و دەبێتەهۆی ئەوەی مۆسکۆ دەستی بگاتە هێزی ئاسمانیی تورکیاش".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئومێدەوارن لەگەڵ تورکیا بگەنە قۆناخێک کە تێیدا ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت و گوتیشی، گرنگە ئەنقەرە و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمریکا لە داهاتوودا هیچ جۆرە چەکێکی رووسی نەکڕن.
رۆژی 24ی نیسانی 2021 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانی ناساند و لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا یادی هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لە سەردەمی عوسمانیدا کۆمەڵکوژکران."
جۆ بایدن رۆژێک دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەو بڕیارەی دەرکرد و کۆتایی بەو دوودڵیەی نێو ئیدارە یەک بەدوای یەکەکانی ئەمریکا هێنا و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی ناساند. ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانی بە ''کارەساتی گەورە'' ناودەبرد.
106 ساڵ لەمەوبەر، رۆژی 24ی نیسانی 1915 کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەستیپێکرد، لەو پرۆسەیەدا نزیکەی ملیۆن و نیوێک لە ئەرمەنەکان کۆمەڵکوژ و دەربەدەرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ