کێ لە پەرلەمانی فەرەنسا دەنگی بە پرۆژەبڕیاری 'جینۆسایدی کورد بەدەستی بەعس' نەدا؟

27-11-2021
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
دانیشتنی پەرلەمانی فەرەنسا
دانیشتنی پەرلەمانی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆمەڵەی نیشتمانی یان پەرلەمانی فەرەنسا، پرۆژە بڕیارێک بۆ بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کورد لەسەر دەستی رژێمی بەعس پێشکێشکرا و دەنگی لەسەردرا، بەڵام بە دەنگی زۆرینەی بەشداربووی دانیشتنەکە، پرۆژە بڕیارەکە پەسند نەکرا. 
 
کریستۆف لاگارد، سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات و سەربەخۆکان کە فراکسیۆنەکەیان 19 کورسییان لە کۆی 577 کورسییەکەی پەرلەمانی فەرەنسا هەیە، لەماوەی 10 خولەکدا پرۆژە بڕیارەکەی پێشکێشی 27 پەرلەمانتاری ئامادەبووی دانیشتنەکە کرد. 
 
دوای ئەوەی لاگارد، وانەیەکی کورتی لەبارەی مێژووی کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کورد لەسەر دەستی بەعس پێشکێشی هاوکارەکانی خۆی کرد، داوای لێکردن کە ئەو کۆمەڵکوژییانە بە جینۆساید بناسێنن. 
 
ژۆن کریستۆف لاگارد لە میانەی قسەکانیدا رایگەیاند، باوەڕی وایە کە کوردەکان مافیان بەسەریەوە هەیە، بۆیە "ئەوە باشترین رێگەیە تاوەکو ئەو تاوانانە لە دژی کەسی دیکە دووبارە نەبنەوە."
 
نووێنەرانی فراکسیۆنەکانی دیکە بەتایبەتی پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە کورد بە دۆستی خۆیانی دەزانن و 268 کورسییان لە پەرلەمان هەیە، دەڵێن، دژی کورد نین، بەڵام دژی بە جینۆسایدناساندنی بڕیارەکەن. ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارەکە بەبێ ئەوان، ناتواندرێت پەسند بکرێت. 
 
چیایی ئەمین و شوکری بەرواری، کە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالی بادینان و یەکێکیان بەرپرسی رێکخراوی نێودەوڵەتیی بەرگریکردنە لە قوربانیانی جینۆسایدی کورد لە فەرەنسا و ئەوی دیکەیشیان سکرتێری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانە لە فەرەنسا قسەیان بۆ زنار شینۆ کرد. 
 
چیایی ئەمین کە بەرپرسی رێکخراوی نێودەوڵەتیی بەرگریکردنە لە قوربانیانی جینۆسایدی کورد لە فەرەنسا بە رووداوی گوت، "جارێکی دیکە لە پەرلەمان و لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتاران هەوڵدەدەینەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نزیکبووەتەوە، پرسەکە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن."
 
شوکری بەرواریش باسی لەوە کرد، هەر باسکردنی دۆسێکە لە پەرلەمانی فەرەنسا گرنگە، ئەوانیش بەردەوام دەبن لە هەوڵ و تێکۆشانەکانیان. 
 
دوای کۆبوونەوەکە و پەسندنەکردنی پرۆژەبڕیارەکە، لاگارد بە تووڕەیی و خەمبارییەوە دەرکەوت و رەخنەی لە فراکسیۆنی پارتەکەی ماکرۆن گرت کە ئەو دەڵێت، لە بەرژەوەندیی گەلی کورد کە دۆستیانن، دەنگیان نەداوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە