رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازێکی نوێ لەبارەی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەداتە ئێران و ئەمریکا. دوو وڵاتەکەش دەڵێن، دوای تاوتوێکردن وەڵامدەدەنەوە.
ئێنریکێ مۆرا، جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، لە دەقی نوێی ئامادەکراو بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لەلایەن یەکێتییەکەوە پێشنیازکراوە، بەرژەوەندیی ئابووری بۆ ئێران لەبەرچاو گیراون و دەڵێت: "باشترین رێککەوتن لەسەر مێزە، ئەگەر لایەنەکان بیانەوێت رێکبکەون".
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شەوی رابردوو لەبارەی هەڵوێستی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پێشنیازەکە رایگەیاند، واشنتن پێشنیازەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی بە ئەنجامگەیاندنی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان تاوتوێ دەکات و راستەوخۆ وەڵامی بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەدەنەوە.
هەروەها عەلی باقری کەنی، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتەر رایگەیاند، هاوئاهەنگیکەری دانوستاندنە ئەتۆمییەکان هەفتەی رابردوو پێشنیازەکانی داوەتە تاران بۆ بە ئەنجامگەیاندنی دانوستاندنەکان و ئێرانیش بیرۆکەکانی بۆ کۆتاییهاتنی دانوستاندن دەداتە لایەنەکانی دیکە.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینیی لایەنەکان دەقێکی نوێی بۆ رێککەوتن لەبارەی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئامادەکردووە و پێشنیازی بۆ تاران و واشنتن کرد پەسندی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ