ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا: تێسلا رێگە بە کارمەندانی نادات ناڕەزایی دەرببڕن

27-04-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا، کۆمپانیای تێسلا بە هەڕەشەکردن لە کرێکارەکانی بۆ باسنەکردنی ناڕەزایەتیی دۆخی کارکردن و کەمیی مووچەکانیان، تۆمەتبار دەکات.
 
رۆژی سێشەممە 25-04-2023 مایکڵ رۆساس، دادوەر لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا رایگەیاند، بەڕێوەبەرانی ناوەندێکی چاککردنەوەی تێسلا لە ئۆرلاندۆی فلۆریدا لە 2021دا ژمارەیەک کارمەندیان "بێدەنگ" کردووە کە لە دژی ئەوەی مووچەی کارمەندە تازە دامەزراوەکان لە هی ئەوان زۆرترە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
 
ئەنجوومەنەکە داواکارییەکی پێشکێشی تێسلا کردووە کە چیدی مافی کارمەندەکانی پێشێل نەکات و ئەو پێشێلکارییانەش لەو ناوەندە روویداوە بکاتە راپۆرتێک و بە ئیمەیڵ بۆ تەواوی کارمەندەکانی تێسلای بنێرێت.
 
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا ئاژانسێکی سەر بە حکومەتی ئەمریکایە، ئەرکی سەپاندنی یاساکانی پەیوەست بە مافی کرێکارانە بەسەر کۆمپانیا و خاوەن کارەکاندا و سزادانی ئەو شوێن و کۆمپانیایانەیە کە پێشێلی دەکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، لە کۆتایی 2021دا کارمەندەکانی تێسلا زانیویانە کارمەندە دامەزراوە نوێیەکان مووچەی زیاتر لە کارمەندە کۆنەکان وەردەگرن؛ بۆیە ژمارەیەکیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە یەکێکیان تەکنیککارێک بووە و بە ئیمەیڵ ناڕەزایەتییەکەی بۆ یەکێک لە جێگرانی سەرۆکی کۆمپانیاکە ناردووە.
 
دواتر بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل کۆبوونەوەیان بە 25 کارمەندی ناوەندەکە کردووە و پێیان گوتوون، نابێت باسی مووچە و دۆخی کارکردنیان بکەن یان پەڕاوی ناڕەزایی بۆ بەڕێوەبەرە پلە باڵاکان بەرز بکەنەوە.
 
هەرچەند هەفتەیەک دوای ئەو کۆبوونەوەیەش ئەو تەکنیککارە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە. تێسلا باس لەوە دەکات، راستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە قسەی بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندەی رەتکردووەتەوە؛ ئەویش بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک کە یاساکانی تێسلا رێگە بە کارمەند دەدەن ناڕەزایی لە کەمیی مووچەکانیان دەرببڕن.
 
ئاشکرابوونی ئەو بابەتە بە دوایین ئابڕووچوون بۆ تێسلا دادەنرێت و پێش ئەمەش پەڕاوی یاسایی لە دژ کرابووەوە، کە لەنێو ناوەندەکانی بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێلەکەدا جیاکارییەکی زۆری رەچەڵەک و گێچەڵی سێکسی دەکرێت.
 
مانگێک لەمەوبەر دادگەیەکی ئەمریکا تۆمەتێکی دژ بە ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و تویتەر و سپەیس ئێکس پشتڕاست کردەوە کە لە تویتێکدا کارمەندانی تێسلای ئاگادار کردبووەوە، ئەگەر ببنە ئەندام لە سەندیکای کرێکاران، چانسی زیادکردنی مووچەکانیان لەدەستدەدەن.
 
تێسلا کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی ئەمریکییە، کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و کارکردوو بە وزەی پاک دروستدەکات. بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە لە شاری ئۆستنی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکایە. تێسلا جگە لە ئۆتۆمبێل، پاتری، تەختەی سۆلار و ئامێر و کەرەستەی پەیوەست بە وزەی خاوێن دروستدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ. وێنە: AFP

تایوان لێکۆڵینەوە لەو کۆمپانیایە دەکات کە 'پەیجەرەکانی لوبنانی دروستکردووە'

رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئەیلوولی 2024، نووسینگەی داواکاری گشتیی لوبنان رایگەیاند: "داوامان لە نووسینگەی ئاسایشی نیشتیمانی کرد، کە لێکۆڵینەوە لە دوو شایەتحاڵ بکەن و چوار ناوچەش بپشکنن." ئەمە بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ بووە، کۆمپانیاکە بە دروستکەری ئەو پەیجەرانە دادەنرێت، کە رۆژی سێشەممە لە چەند شارێکی لوبنان تەقینەوە و بوونە هۆی کوژرانی 12 کەس و برینداربوونی دوو هەزار و 800 کەس.