جیهان
منداڵێک بەدیار گۆڕی یەكێک لەو سەربازانەی ئۆکراینا کە لە جەنگەکەدا گیانی لەدەستدا. وێنە: YURIY DYACHYSHYN / AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینییەکان لە چەندین ناوچەی وڵاتەکەیان کە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە و زیانی بەرکەوتووە، رێوڕەسمیان رێکخستووە، بەشێکیان نزا دەکەن جەنگ تەواوبێت لەکاتێکدا ترسی هێرشی مووشەکیی دیکە بۆسەریان هێشتا بەردەوامە کاتێک سەرۆکی وڵاتەکە دەڵێت: "شەیتان هێشتا لەم دەوروبەرەیە و جەنگ بەردەوامە."
رێک ساڵێک بەر لە ئێستا و لە 24ـی شوبات، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاریدا جووڵە بە سوپای وڵاتەکەی بکات و هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، هەنگاوێک کە جیهان چاوەڕوانی نەدەکرد. رووسیا ناوی لە هێرشەکەی نا ئۆپەراسیۆنی تایبەت و وەکو خۆی دەڵێت، بۆ "سزادانی کیێڤە" لە بەرامبەر پاڵپشتی و مەیلی بۆلای رۆژئاوا.
رۆژی هەینی، 24-2-2023، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی لە بارەی دۆخی وڵاتەکە و جەنگەکە دەبێت، لە شارە جیاوازەکانی ئۆکرایناش رێوڕەسمی یادکردنەوە و رێزگرتن لە قوربانییان بەڕێوەدەچێت.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە، زیلینسکی لەبارەی جەنگەکەوە گوتی، "شەیتان هێشتا لەم دەوروبەرەیە و جەنگ بەردەوامە... بەڵام ئێمە بە دڵنیاییەوە دەزانین بە سەرکەوتنی ئێمە کۆتایی دێت."
هەواڵگریی ئۆکراینا هۆشداری لە هێرشی نوێی رووسیا بۆسەر وڵاتەکە داوە، لەنێویاندا هێرشی مووشەکی.
ئەو ساڵە بۆ ئۆکراینییەکان "سەختترین" ساڵ بووە، وەکو هەندێک لە دانیشتووانی کیێڤ باسی دەکەن. بەهۆی جەنگەوە دەیان ملیۆن کەس ئاوارەبوون، ئەوە جگە لەوەی بەپێی ئامارەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و خەمڵاندنەکانیان، هەر لایەنەی زیاتر لە 150 هەزار سەربازی لەدەستداوە.
توانای سەربازی رووسیا و ئۆکراینا
رووسیا
- بودجەی سەربازی: 82.6 ملیار دۆلارە
- 830,900 سەربازی چالاکی هەیە
- 250,000 سەربازی یەدەگی هەیە
- 4,182 فڕۆکەی هەیە
- خاوەنی 773 فڕۆکەی جەنگییە
- خاوەنی 537 هێلیکۆپتەری جەنگییە
- 14,798 تۆپهاوێژی هەیە
- خاوەنی 12,566 تانکە
- 598 کەشتیی جەنگیی هەیە
ئۆکراینا
- بودجەی سەربازییەکەی 30 ملیار دۆلارە
- 200,000 سەربازی چالاکی هەیە
- 250,000 سەربازی یەدەگی هەیە
- 312 فڕۆکەی هەیە
- 69 فڕۆکەی جەنگیی هەیە
- 33 هێلیکۆپتەری جەنگیی هەیە
- 2,489 تۆپهاوێژی هەیە
- 1,890 تانکی هەیە
- 38 کەشتیی جەنگی هەیە
زیانەکانی ئۆکراینا بەهۆی شەڕەوە
بەگوێرەی دوایین ئاماری نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 8 هەزار سڤیلی ئۆکراینی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە کە پشتڕاستکراوەتەوە.
نزیکەی 18 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە، هەروەها 14 ملیۆن کەسی دیکەش ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە. لە ئۆکراینا پیاوان نزیکەی %61.1 رێژەی قوربانییەکانن، هەروەها ژنانیش بە 39.9%ی تێکڕای قوربانییەکان. لانیکەم نزیکەی 487 منداڵیش گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 1000ـی دیکەش برینداربوون.
زیانە مادییەکان
بەگوێرەی دوایین ئاماری بانکی جیهانی، بونیاتنانەوەی ئۆکراینا پێویستی بە 350 ملیار دۆلارە. بەهای 252 ملیار دۆلاریش زیان بە ئابووریی ئۆکراینا گەیشتووە. ئاوارەبوونی خەڵکەکەشی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لە 2٪ـەوە بۆ 21٪. لەو 350 ملیار دۆلارە، پێویستە 105 ملیار دۆلاری بەخێرایی تەرخان بکرێت تاوەکو حکومەتی ئۆکراینا بتوانێت هەزاران خوێندنگە و زیاتر لە 500 نەخۆشخانە نۆژەن بکاتەوە. کۆی گشتیش پێویستی بە 750 ملیار دۆلارە تاوەکو ژێرخانی ئابووری و شتەکانی دیکە بگەڕێنێتەوە دۆخی پێش جەنگ.
کۆشکی سپی دوو ملیار دۆلاری دیکە هاوکاری بۆ ئۆکراینا تەرخان دەکات
رۆژی پێنجشەممە، 23-2-2023، جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری بۆ ئۆکراینا بە بڕی دوو ملیار دۆلار تەرخان کردووە،" سۆلیڤان پێچەوانەی جارانی پێشوو، ئامادە نەبوو وردەکاریی هاوکارییەکانی باس بکات.
ئەو پاکێجە نوێیە لە دوای کەمتر لە حەفتەیەک دێت لەو بڕە هاوکارییەی کە بایدن لە سەردانەکەی بۆ کیێڤ ئاشکرایکرد کە بریتی بوو لە 500 ملیۆن دۆلار.
سۆلیڤان کە بەشداری لەو گەشتەی بایدن کردبوو، رایگەیاند "ئەمریکا بەردەوام بە دوای رێگەی نوێیە بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا لە شەڕیدا دژ بە رووسیا تاوەکو ئەو دەمەی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت،" گوتیشی، بەڵێنە نوێکەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا سەرەتا ئۆتۆمبێلی سەربازی و پاشان تانک دەگرێتەوە.
گفتوگۆی ئاشتی
چین لە ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگەکەدا داوا لە رووسیا و ئۆکراینا دەکات "هەرچی زووە" دەست بە گفتوگۆی ئاشتی بکەن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە نابێت چەکی ئەتۆمی لەو جەنگەدا بەکاربهێندرێت.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیێندراوێکدا داوای لە وڵاتانیش کردووە، پاڵپشتیی هەردوولا بکەن تاوەکو بگەنە رێککەوتن.
ئەو راگەیێندراوە لەکاتێکدایە کە وڵاتانی رۆژئاوا چین تۆمەتبار دەکەن بە چەکدارکردنی رووسیا، تۆمەتێک کە چین بە "زانیاریی ناڕاست" ناوی دەبات.
* تاڵیب حیشمەت، ئێدیتەر لە دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو بەشداری کردووە لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ