رووداو دیجیتاڵ
لە فڕۆکەخانەی بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، دەیان ئێرانی ناڕەزایەتییان دەربڕی لە دژی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی سێ کەسی خەڵکی وڵاتەکەیان. ئەو سێ کەسە لە دوای خۆپێشاندانەکانی ئێران روویان لە بەلجیکا کردووە و داوای مافی مانەوەیان کردووە، بەڵام حکومەتی بەلجیکا داواکەیانی رەتکردووەتەوە.
فارنووش ئیدریسئاراکی، یەکێک لە خۆپێشاندەرەکانە و دەڵێت، "ئەوان ئاگادارینامەی دیپۆرتکردنەوەیان لە تورکیاشەوە بەدەستگەیشتووە، لەبەرئەوە هەر کاتێک بگەڕێنەوە تورکیا، راستەوخۆ رەوانەی ئێران دەکرێنەوە".
بەگوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران، لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانەوە، نزیکەی 20 هەزار خۆپێشاندەر دەستبەسەر کراون و لەنێو ئەو ژمارەیەش 109 خۆپێشاندەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە کە 20یان بڕیاری لەسێدارەدانەکەیان پەسند کراوە و لەو ژمارەیەش چواریان لەسێدارەدراون کە سیانیان کورد بوون.
ئێرانییەکان داوا دەکەن دەسەڵاتدارانی بەلجیکا بەرپرسیارێتیی ئەو کۆچبەرە ئێرانییانە بگرێتە ئەستۆ و دیپۆرتیان نەکاتەوە.
سەعید جەواهیری، خۆپێشاندەر گوتی، "ئێمە تێدەگەین لەوەی نە بەلجیکا و نە ئەوروپا توانای لەئەستۆگرتنی ناهەمەتییەکانی جیهانی هەبێت، بەڵام ئەمڕۆ باس لە وڵاتێک دەکەین کە لەنێو شۆڕشدایە".
حکومەتی بەلجیکی رایگەیاندووە ئەو سێ ئێرانییە مەرجەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی نایانگرێتەوە، هەربۆیە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی داون، بەڵام بۆ پێداچوونەوەی زیاتر بە کەیسەکانیاندا، بڕیارەکەی راگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ