رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە سەرکۆنەی هێرشەکەی پاریس دەکات و دەڵێت، دڵنیایە سەرۆکی فەرەنسا و دەزگا دادگەرییەکان هێرشکارەکان ئاشکرا دەکەن.
رۆژی هەینی، 23-12-2022 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە تویتێکدا گوتی: "هێرشی دژی کۆمەڵگەی کوردی لە پاریس، دۆزی کورد دەکاتە ئامانج و جێگەی شەرمەزارییە".
ئەمڕۆ هەینی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەرانی کورد و پۆلیسدا دروستبوو، ئەوەش دوای ئەوەی کە هێرشکرایە سەر ناوەندی کولتووریی کوردیی ئەحمەد کایا لەنێوجەرگەی پایتەختی فەرەنسا کە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی سێی دیکە کە هەموویان کوردن.
هێرشەکە بووە هۆی نوێبوونەوەی ئەو ترسەی کورد کە بەهۆی کوژرانی سێ ژنی کورد لە ساڵی 2013 لە فەرەنسا دروستبوو کە زۆربەیان دەیخەنە ئەستۆی تورکیا.
هێرشەکەی ئەمڕۆی پاریس لە لایەن پیاوێکی سپیپێستی فەرەنسیی تەمەن 69 ساڵانەوە کرا کە دوای بریندارکردنی، دەستگیرکرا و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە.
مەزڵووم عەبدی لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا دەڵێت: "ئێمە دڵنیاین کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و دەزگا دادگەرییەکان هێرشکارەکان ئاشکرا دەکەن. پێویستە هاوکاریکردنی ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر فراوان بکرێت".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە کۆتایی تویتەکەیدا دەڵێت: "سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزانی قوربانیان دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ