موسڵمان و کریستیانەکانی ئیتاڵیا رێپێوان بۆ قوربانییانی بەلەمەکەی کۆچبەران دەکەن

24-06-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
نزاکردن بۆ کۆچبەرە کوردەکان.
نزاکردن بۆ کۆچبەرە کوردەکان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کریستیان و موسڵمانانی شارەکانی رۆچێلا و لۆکریی ئیتاڵیا نوێژ و نزا بۆ قوربانییانی بەلەمەکەی کۆچبەرانی کورد دەکەن.  
 
کەسایەتیی ئایینیی کریستیان و موسڵمان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی شارەکانی رۆچێلا و لۆکری و دانیشتووانی ئەو شارانە بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی بەلەمەکەی کۆچبەرانی کورد کۆبوونەتەوە. 
 
بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کوردبوونیان بدرێت، زۆربەی کریستیانە ئامادەبووەکان، مەلا محەممەدی خەڵکی سووریایان دایە پێش خۆیان و بە چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز کۆبوونەوەکەیان دەستپێکرد.  
 
سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی رۆچێلا-ش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە. ئەو شارەی کە بووەتە ناوەندی گەرمی ئەم پرسەی کۆچبەران. 
 
ڤیتۆریۆ زیتۆ، سەرۆکی شارەوانیی رۆچێلا جۆنیکا دەڵێت: "گرنگ بوو بۆ من و چەند هاوکارێکی دیکەم لە سەرۆک شارەوانییەکانی شارەکانی دەوروبەرمان ئامادەبین لێرە بۆ ئەوەیە رێز لە قۆربانییەکان ئەم تراجیدیایە بگرین و پشتگیری لە رزگاربووەکان بکەین." 
 
بەشداربووان رێپێوانێکی نزیکەی دوو کیلۆمەترییان بە داگیرساندنی مۆم و نزا دەستپێکرد. جار جاریش دەوەستان. 
 
موسڵمانانی ئەفغانی و عەرەب نوێژی مردوویان 'بە غیاب' لەسەر قوربانییان کرد. 
 
هاوتەمەنەکانی میران و لارینای رزگاربوو، باڵۆنی سپییان بۆ خوشک و برا خنکاوەکانیان بەدەستە خنجیلانەکانیانەوە گرت و ئەوانیان وەبیرهێنایەوە. 
 
کارمەندانی خاچی سووری ئیتاڵی بە چاوی پڕ ئەسرینەوە گوڵیان لەپێش دەرگەی ئەو هۆڵە دانا کە یەکەم تەرمی قوربانییانی بۆ گوێزرابوویەوە. 
 
قەشە فرانجیسکۆ، قەشەی ئەبرەشییەی لۆکری، سەرپەرشتی رێوڕەسمە ئایینییەکانی کریستیانەکانی کاسۆلیک دەکرد، بە رووداوی گوت، پێویستە مرۆڤەکان هاوکاریی یەکدی بکەن.
 
ئەو قەشەیە دەڵێت: "پێویستە هەموو مرۆڤایەتی بەگشتی پشتگیری لەیەکدی بکات چونکە ئێمە وەکو مرۆڤ دەبێت لانیکەم لەو کێشانە تێبگەین کە لە وڵاتانی دیکەدا هەن. بۆیە ئەو شتانە شەڕ بن، یان شتی دیکە بن، دەبێت هاوکاریی جیهان بکەین. بەهەر جۆرێک دەرفەت بڕەخسێت. هەتا ئەگەر ئەو پرسە کۆچکردنیش بێت." 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.