بەلجیکا: چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لە وڵاتەکەمانەوە کەمیکردووە

23-02-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
چەند بەلەمێکی کۆچبەران
چەند بەلەمێکی کۆچبەران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بەلجیکی لە شاری ئۆستێند لە رۆژئاوای وڵاتەکە دەستی بەسەر ژمارەیەک کەلوپەلی نایاسایی قاچخچییەکاندا گرتووە و دەڵێت، ژمارەی کۆچبەران کە لە وڵاتەکەیانەوە دەچوونە بەریتانیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
 
ڤینسنت ڤان کویکنبۆرن، وەزیری دادی بەلجیکا رایگەیاند، "ئێمە تیمێکی تایبەتمان پێکهێناوە بە ناوی تیمی ترانسێت، پێکهاتوون لە کەسانی شارەزا و بەشێوەیەکی سیستماتیکی چاودێریی ئەو پەیامانە دەکەن لەنێو مۆبایلەکانی قوربانییانی دەستی بازرگانی بە مرۆڤ و ئەوانەشی کە گومانیان لێدەکرێت قاچاخچێتییان کردبێت، سوپاس بۆ ئەمەش، توانیومانە باندەکان ئاشکرا بکەین".
 
بەلجیکا بە یەکێک لە وڵاتەکانی ترانزێت ناسرابوو، کۆچبەران بەکاریاندەهێنا بۆ گەیشتن بە بەریتانیا. بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەلجیکا؛ لە ساڵی 2018 زیاتر لە 13 هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلجیکاوە خۆیان گەیاندبووە بەریتانیا، بەڵام لە ساڵی 2022 تەنیا هەزار و 65 کۆچبەر لە بەلجیکاوە چوونەتە بەریتانیا و بە رێژەی 93 کەمیکردووە. 
 
دەسەڵاتدارانی بەلجیکا هۆکارەکانی کەمکردنەوەی چوونی کۆچبەران لە وڵاتەکەیانەوە بۆ بەریتانیا بۆ تووندکردنی چاودێریکردنی مۆبایلی ئەو کەسانەی لەو کارەوە تێوەگلاون لەگەڵ قورسکردنی سزای سەر قاچاخچییەکان و هەروەها فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ پۆلیسی بەریتانی دەگەڕێنەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسی بەلجیکا ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگە ژمارەی کۆچبەران کەمی کردبێت، بەڵام ژمارەی باندەکانی قاچاخچێتی هەروەکو خۆیەتی.
 
کۆرت دیسۆتی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی رۆژئاوای فلاندەرسی بەلجیکا باس لەوە دەکات، "هەروەکو دەبینن ئێستا بەلەمی بچووک بەکاردەهێنن بۆ ئەو رێگەیە. لە رابردوودا زیاتر بارهەڵگر بوو، بۆیە ئێمە ئۆپەراسیۆنەکانمان و شێوازی کارکردنمان گۆڕیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی باندەکانی لەم دیاردەیەدا بەشدارن، کەمی نەکردووە و هێشتا هەر ئەو خەڵکانەی رابردوون کە بازرگانییان بە مرۆڤەوە دەکرد".
 
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی بەلجیکا، ئێستا بەهۆی تووندکردنی رێکارەکان، کۆچبەران زیاتر رێگەی فەرەنسا بۆ نۆکەندی ئینگلیز بەکاردەهێنن و حکومەتی بەریتانیاش ئاشکرای کردووە، ساڵی رابردوو زۆربەی ئەو 46 هەزار کۆچبەرەی لەو نۆکەندەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، لە فەرەنساوە هاتبوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە