هەزاران خۆپێشاندەری ئیندۆنیزی، لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، هێرشیانکردە سەر پەرلەمان

22-08-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی هەوڵدان بۆ گۆڕینی یاسایەکی هەڵبژاردن تایبەت بە تەمەنی بەربژێرەکان، هەزاران خۆپێشاندەری ئیندۆنیزی لە پایتەختی وڵاتەکەیان هێرشیانکردە سەر پەرلەمان و دەڵێن، سەرۆکی وڵات لە پێناو کوڕەکەی دەیەوێت دەسەڵات قۆرخ بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە 22-08-2024، هەزاران خۆپێشاندەری ئیندۆنیزی لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا هێرشیانکردە سەر پەرلەمان و لەگەڵ پۆلیس رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. 
 
بڕیاربوو ئەمڕۆی پەرلەمانی وڵاتەکە دانیشتنێکی تایبەت بە کەمکردنەوەی تەمەنی شیاو بۆ خۆ بەربژێرکردن بکات؛ خۆپێشاندەران لەوە ناڕازین و گوتیان: "ئەمە بۆ یارمەتیدانی کوڕی سەرۆکی وڵاتە کە ئێستا تەمەنی 29 ساڵە."
 
جۆکۆ ویدۆدۆ، لە ساڵی 2014ـەوە سەرۆکی ئیندۆنیزیایە و کایسانگ پانگارێپی کوڕی بچووکی دەیەوێت لەم خولەی هەڵبژاردنی ئیندۆنیزیا خۆی بەربژێر بکات. لە دەستووری ئیندۆنیزیا نابێت هیچ بەربژێرێک تەمەنی لە 30 ساڵ کەمتر بێت. هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ئەو وڵاتە لە مانگی 11 بەڕێوەدەچن و کوڕی سەرۆکیش لە مانگی 12 دەبێتە 30 ساڵ.
 
دوای کەوتنەوەی گرژییەکان، سوفمی داسکۆ ئەحمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئیندۆنیزیا گوتی: "دانیشتنی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە."
 
خۆپێشاندەران لە بەردەم پەرژینی پەرلەمان تایەیان سووتاند و چەند درووشمێکیان لە دژی سەرۆکی وڵاتەکەیان گوتەوە کە لەوێ بە ناوی کورتکراوەی (جۆکۆوی) بانگ دەکرێت. چەند خۆپێشاندەرێک بەشێک لە پەرژینی پەرلەمانیان شکاند و ویستیان بچنە ژوورەوە، بەڵام پۆلیس بە ئاو و گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕوویان بوونەوە.
 
محەممەد ساڵح زەکەریا، خۆپیشاندەرێکی تەمەن 64 ساڵە و گوتی: "هاتوومەتە ئێرە چونکە وڵاتەکەم لە لێواری داڕماندایە. ئەم بەرپرسانە خەڵک هەڵدەخەڵێتنن."
 
بەشێکی دیکەی تووڕەیی خۆپێشاندەران دوای ئەوە هات کە چەند مانگێک لەمەوبەر گیبران راکابومینگ راکا، کوڕە گەورەی سەرۆکی ئیندۆنیزیا کە تەمەنی 36 ساڵە، وەکو جێگری سەرۆکی وڵاتەکە دیاریکرا و خەڵک لەوە تووڕەن و دەڵێن، ئەمە "قۆرخکردنی دەسەڵاتە لە پێناو بنەماڵە."
 
حەسەن نەسبی، گوتەبێژکی کۆشکی سەرۆکایەتی رایگەیاند: "حکومەتی ئیندۆنیزیا هیوادارە هیچ زانیارییەکی هەڵە بڵاونەکرێتەوە کە ببێتە هۆی ئاژاوە و تووندوتیژی."
 
هەڵبژاردنی خۆجێی ئیندۆنیزیا لە 27-11-2024 بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردن لە 37 پارێزگا، 508 شار و شارۆچکە بەڕێوەدەچێت و ئەنجوومەن، سەرۆک و پارێزگاری هەریەک لەوانە دیاریدەکرێن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەفسەرانی پۆلیسی ئیتاڵیا لە کەناراوی کارابینێری وڵاتەکەیان کاتێک بەشوێن تەرم و پاشماوەی بەلەمێکی نقومبووی کۆچبەران دەگەڕێن لە 26-2-2023. وێنە: Reuters

ئیتاڵیا بە رێگریکردن لە بەهاناوەچوونی کۆچبەران تۆمەتبار دەکرێت

سەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، حکومەتی ئیتاڵیا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسایەکی تایبەت بە بەهاناوەچوونی کۆچبەرانەوە دەستی بەسەر کەشتییەکیاندا گرتووە و تۆمەتەکەش رەتدەکاتەوە. دەشڵێت، ئەم کارەی حکومەتی ئیتاڵیا رێگریکردنە لە بەهاناوەچوونی کۆچبەران.