رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی سێ هەفتە لە پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە یۆنان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 57 هاووڵاتی، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێك لە گەشتەکانی هێڵەکانی شەمەندەفەر دەستپێبکەنەوە.
گیۆرگۆس گێراپێتریتیس، وەزیری گواستنەوەی یۆنان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بڕیارە رۆژی چوارشەممە بەشێك لە گەشتەکانی هێڵەکانی شەمەندەفەر دەستپێبکەنەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی کارمەندەکانی وێستگەکانی شەمەندەفەر زیاد دەکەن و خێرایی شەمەندەفەرەکانیش کەمدەکەنەوە، ئەوەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکان.
بەگوتەی گیۆرگۆس، سەرجەم گەشتەکانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لە 11ی مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستپێدەکەنەوە.
کریاکۆس میستسۆکاتیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان رۆژی سێشەممە 21ی ئاداری 2023 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەی گوتی: "ئەوەی روویدا تراژیدیایەك بوو کە نەدەبووایە روویدابا. جێگەی باوەر نییە کە ببینی لە ساڵی 2023دا لە یۆنان دوو شەمەندەفەر لەسەر هەمان هێڵی بە ئاراستەی یەکتر بڕۆن و کەسیش ئاگادار نەبێت."
رۆژی سێشەممە 28-2-2023، لە شاری لاریسا لە نێوەڕاستی یۆنان دوو شەمەندەفەر بە تووندی پێکیاندادا، لە ئەنجامدا 57 کەس گیانیان لەدەستدا و چەندان کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ