رووداو دیجیتاڵ
شەقامەکانی شاری خارکیڤی باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، چۆڵن 27 رۆژە هێرشی رووسیا دەستیپێکردووە و زیاتر لە 500 هەزار کەس لە کۆی ملیۆنێک و 400 هەزار دانیشتووی شاری خارکیڤ ناچار بوون شارەکە جێبهێڵن.
ئەوانەی کە هەڵدێن بەپەلە بەشێك لە پێداویستییە سەرەکییەکانیان دەکەنە جانتاکانیانەوە و بە ئۆتۆمبێلەکانیان لە شارەکە دەچنە دەرەوە. بەشێك لەوانەش کە بە ناچاری یان بە ویستی خۆیان بڕیاری مانەوە دەدەن لەنێو تونێلەکانی میترۆدا دەمێننەوە کە بۆ ماڵە نوێکانیان گۆڕدراون.
دانیشتوویەکی خارکیڤ کە لەبەر بارودۆخی ئەمنی ناوی ئاشکرانەکردووە دەڵێت، "سەرەتای شەڕ کە دەنگی بۆمب دەهات لە ترسا دەمردین، ئێستا کە دەنگی دێت دەڵێین هیچ نییە تەنیا بۆمبێکە."
ناتالیا دوو رۆژ لە دوای هێرشەکەی رووسیا، منداڵێکی بوو، بە هاوکاریی کۆمەکبەخشان، قەرەوێڵەیەکی منداڵان لە یەکێک لە ڤارگۆنەکانی میترۆ لە کارخراوەکەیان بۆ داناوە. ئێستا لەو تونێلەی میترۆدا دەژی.
رۆژانە وەک بەرپرسانی ئۆکراینیش پشتڕاستی دەکەنەوە، بەهۆی بۆردوومان و دەرهاویشتەکانی شەڕەوە، چەندین کەس گیان لەدەستدەدەن.
یووری کراڤیچ، بەرپرسی پزیشکی دادوەریی خارکیڤە و دەڵێت، "کێشەمان هەیە لە ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ مردووەکان، ئەوە سەرباری کێشەی بە خاکسپاردنیان، بە راستی نەهامەتییە."
نەهامەتییەکان لە نەخۆشخانەکانی خارکیڤیش درێژەیان هەیە؛ کەمیی دەرمان و سەختی برینەکان و قورسیی جووڵەی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و نەبوونی ئاسایش بەشێکن لە کێشە بەردەوامەکانی رۆژ.
هەر لە ئۆکراینا بۆردوومان و گەمارۆدانی شاری ماریوپۆڵ بەردەوامە، ئێستا بەشێکیان بەرەو کۆماری دانپێدانەنراوی دۆنێتسک دەچن. کۆماری دانپێدانەنراوی دۆنێتسک دەڵێت، پێنج هەزار کەسمان لە ماریوپۆڵەوە وەرگرتووە.
سەرۆکی ئۆکراینا: ئامادەین تاوتوێی ئەندامنەبوون لە ناتۆ لەگەڵ رووسیا بکەین
درەنگانێکی رۆژی دووشەممە، 21-3-2022، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەیدا رایگەیاند کە وەستاندنی شەڕ دەبێت یەکەم هەنگاو بێت بۆ ئەوەی بگەن بە رێگەچارەیەکی مامناوەند کە لە قازانجی هەموو لایەکدا بێت.
سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی پابەندبوونی وڵاتەکەی بە داوانەکردن بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ لەگەڵ رووسیا تاوتوێ بکات، ئەوەش لەبەرامبەر ئاگربەست، کشانەوەی هێزەکانی رووسیا لەنێو خاکی ئۆکراینا و پێدانی گەرەنتیی ئاسایشی بۆ ئۆکراینا.
هاوکات، داواکەی بۆ دانوستاندن و کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دووپاتکردەوە و گوتی تاوەکو لەگەڵ پووتین کۆنەبێتەوە، "ئەستەمە" لەوە تێبگەن کە رووسیا دەیەوێت شەڕ بوەستێنێت یانیش نا.
زیلینسکی گوتیشی، هەر کاتێک ئاگربەستێک بێتە ئاراوە و چەند هەنگاوێک بنرێن بۆ دابینکردنی گەرەنتیی ئاسایش، ئەو کاتە ئۆکراینا ئامادەیە قسە لەسەر کریمیا و دۆنباس بکات کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن رووسیا و هێزە جووداخوازەکانی سەر بەوەوە کۆنترۆڵکراون.
رووسیا: بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی مووشەکی دەنگبڕی کینژال
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "بەردەوام دەبن لە بەکارهێنانی سیستمی مووشەکیی جۆری کینژال لە شەڕی ئۆکراینا."
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، سیستمی مووشەکیی دەنگبڕی جۆری کینژال "توانای تێکشکاندنی ناوەندەکانی دووژمنی هەیە، بۆیە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەمان لە ئۆکراینا، بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی."
مووشەکی دەنگبڕی کینژال توانای هەیە لە ماوەی 10 خوولەکدا زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر دووری ببڕێت و بە یەکێك لە خێراترین مووشەکەکان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای رووسیا لە رێگەی مووشەکی کینژالەوە توانیویەتی کۆگایەکی ژێرزەمینی تایبەت بە چەکوتەقەمەنی لە شاری میکۆلایڤ تێکبشکێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ