رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی گامبیا بە رووداوی راگەیاند، پێویستە "یەکسانی" لەنێوان وڵاتانی جیهاندا هەبێت و پشتیوانی لە کەرتی تەندروستیی وڵاتانی تازەگەشەسەندوو و کەمداهات بکرێت؛ دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لە هەندێ وڵات ژنانی دووگیان "بە گوێدرێژ و عەرەبانە" دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەحمەدولئەمین سامێتا، وەزیری تەندروستیی گامبیا رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023، لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی بۆ دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کرد و ئاماژەی بەوە کرد، بۆ رێگریکردن لە پەتاکانی داهاتوو، پێویستە "یەکسانی" لە نێوان وڵاتاندا هەبێت و سیستمی تەندروستیی لە وڵاتانی کەمداهات بگەیێنرێتە ئاستی ستاندارد.
ئەحمەدولئەمین سامێتا گوتی، "نابێت هیچ کەس لە ئازار و ناخۆشیدا بمێنێتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی سەرچاوەی پێویستی بۆ دابینکردنی چارەسەر نییە، یان لەبەر ئەوەی ئامرازی گواستنەوەی بۆ ناوەندێکی تەندروستی نییە." وەزیری تەندروستیی گامبیا گوتی ئەوە "دۆخی هەندێ ناوچەی جیهانە کە لەو شوێنانە ژنانی دووگیان بە گوێدرێژ و عەرەبانە دەبردرێنە نەخۆشخانە، یان ژنانی دووگیان بە ماتۆرسیکل دەبردرێنە نەخۆشخانە. پێویستە هەموو جیهان بزانێت کە ئەم دۆخە هەیە و وەکو دۆخی هەندێ وڵاتی دیکە باش نییە".
گامبیا دەکەوێتە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا، یەکێکە لە هەژاترین وڵاتانی جیهان. بە گوێرەی بانکی جیهانی، لە رووی کۆی بەرهەمی نێوخۆییەوە لە ساڵی 2022، لە سەر ئاستی 213 وڵات و ناوچە، لە پلەی 184ـەمیندا بووە.
وڵاتەکە یەکێکە لەوانەی کە کەرتێکی تەندروستیی لاوازی هەیە و بەدەست نەخۆشییە گوێزراوەکانی وەک مەلاریا، ئایدز و سیلەوە دەناڵێنێت؛ هەروەها ژێرخانێکی خراپ و ستافێکی کەمی تەندروستی هەیە.
وڵاتەکە بە دیاریکراوی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا تووشی گوشارێکی گەورە بوو، کاتێک کە ناچاربوو چەندین نەخۆشخانەی منداڵان و ناوەندەکانی دیکەی تەندروستی بگۆڕێت بۆ شوێنی چارەسەرکردنی تووشبووان.
ئەو وڵاتە کە خاوەنی دوو ملیۆن و 558 هەزار دانیشتووە، 12 هەزار و 626 تووشبووی کۆرۆنای تۆماکرد کە 327یان گیانیان لەدەستداوە.
ئەحمەدولئەمین سامێتا هۆشداری دەدات کە ئەگەر سیستمی تەندروستیی وڵاتانی کەمداهات و تازە گەشەسەندوو وەکو پێویست بەهێز نەبێت، ئەوا لە کاتی هەبوونی پەتادا "ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، چونکە لاوازن؛ بۆیە دەکرێت پەتاکە بڵاوببێتەوە و بۆ هەموو جیهان بڕوات."
ئەمڕۆ سێیەم رۆژی گفتوگۆی باڵای ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
نزیکەی 150 سەرکردەی وڵاتان لە نیویۆرکن بۆ ئەوەی گوتاری خۆیان لە بارەی نوێترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم جیهان پێشكێش بکەن.
دروشمی لووتکەی ئەمساڵی کۆبوونەوەکە، بریتییە لە "دروستکردنەوەی متمانە و وەگەڕخستنەوەی یەکڕیزیی جیهانی؛ خێراکردنی هەنگاوەکانی کارنامەی 2030 و ئامانجەکانی گەشەپێدانی شیاوی بەردەوامبوون بەرەو ئاشتی، خۆشگوزەرانی، بەرەوپێشچوون و توانای بەردەوامبوون بۆ هەمووان."
دەقی گوتەکانی ئەحەمدولئەمین سامێتا، وەزیری تەندروستیی گامبیا بۆ رووداو:
زۆر سوپاس. من بڕوای تەواوم هەیە بەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پرسە تەندروستییەکانی تەواوی جیهان زۆر بە جیدی وەردەگرێت، لەوانەش لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان. بەڵام پێموایە دەبێت بزانین ئاڵنگارییەکان چین. هەروەها پێویستە بزانین کە دەبێت یەکسانی هەبێت. کاتێک باسی تەندروستی دەکەین، کاتێک باسی نەهامەتیی مرۆڤ دەکەین، دەبێت بزانین کە نابێت تەنیا لەبەر ئەوەی خەڵک هەژارە یان سەرچاوەی پێویستیان نییە، ئەم شتانە بەردەوام بن.
نابێت هیچ کەس لە ئازار و ناخۆشیدا بمێنێتەوە تەنیا لەبەرئەوەی سەرچاوەی پێویستی بۆ دابینکردنی چارەسەر نییە، یان لەبەر ئەوەی ئامرازی گواستنەوەی بۆ ناوەندێکی تەندروستی نییە، کە ئەمە دۆخی هەندێ ناوچەی جیهانە، کە لەو شوێنانە ژنانی دووگیان بە گوێدرێژ و عەرەبانە دەبردرێنە نەخۆشخانە؛ یان ژنانی دووگیان بە ماتۆرسیکل دەبردرێنە نەخۆشخانە. پێویستە هەموو جیهان بزانێت کە ئەم دۆخە هەیە و وەکو دۆخی هەندێ وڵاتی دیکە باش نییە.
بێ یەکسانی، ناتوانین لە سەرانسەری جیهان تەندروستیمان هەبێت؛ ناتوانین یەکسانیشمان هەبێت ئەگەر پشتیوانی لە وڵاتانی کەم داهات نەکەین. ئەمە لە کاتی پەتاکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوێزراوەکاندا زۆر گرنگە کە وەک ئاگری نێو پووش بڵاودەبنەوە، چونکە ئەگەر سیستمەکانی تەندروستی وەک پێویست بەهێز نەبن، کە راستییەکەی لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو وەک پێویست بەهێز نین، ئەوا چی روودەدات ئەگەر پەتایەک لەوێ بڵاوبێتەوە، ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، چونکە لاوازن؛ بۆیە دەکرێت پەتاکە بڵاوببێتەوە و بۆ هەموو جیهان بڕوات. بۆیە لە بەرژەوەندیی هاوبەشماندایە کە دڵنیابینەوە لەوەی هەموو وڵاتێک سیستمێکی تەندروستیی ستانداردی هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە پەتای داهاتوو بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ