رووداو - هەولێر
د.ئانتۆنی فۆچی کە یەکێکە لە ئەندامە دیارەکانی تیمی کۆشکی سپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێت، بۆ کرانەوەی ئابووری دەبێت لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتەکانی ویلایەتەکاندا هاوئاهەنگیی باشتر هەبێت.
د.ئانتۆنی فۆچی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە هەستیار و درمەکان لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکیدا لەبارەی کرانەوەی ئابووری لە ویلایەتەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت لە رووی پشکنینی کۆرۆنا و هەروەها هەنگاونان بۆ قۆناخی یەکەمی کرانەوەی ئابووری لەنێوان کۆشکی سپی و حکومەتی ویلایەتەکانی ئەمریکادا هاوئاهەنگیی باشتر هەبێت.
د. فۆچی ئاماژە بەوە دەکات، لەدوای ئەوەی کە زۆربەی تووشبووەکان چواردە رۆژیان تێپەڕاند، ئەو کاتە دەتوانن بەرەو قۆناخی یەکەمی کرانەوەی ئابووری هەنگاوبنێن، ئەمەش کارێکە دەبێت پێکەوە بکرێت، واتە بە هاوبەشی لەنێوان کۆشکی سپی و ویلایەتەکاندا.
بە گوتەی د. فۆچی کە هاوکات یەکێکە لە ئەندامە دیارەکانی تیمی کۆشکی سپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا نزیکەی دوو ملیۆن پشکنینی کۆرۆنا لە هەفتەیەکدا دەکرێن. هیواش دەخوازێت لە هەفتەکانی داهاتوودا ژمارەی پشکنینەکان زیاتر بکرێن.
لە رووی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە و تا ئێستا لەو وڵاتە 792 هەزار و 913 کەس تووشی کۆرۆنا بوونە، 72 هەزار و 389 کەس گیانیان لەدەستداوە و 42 هەزار و 517 کەسیش چاکبوونەتەوە.
لە سەرتاسەری جیهانیشدا تاوەکو ئێستا دوو ملیۆن و 482 هەزار و 556 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 170 هەزار و 472 تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و 452 هەزار و 479 تووشبوویش چاکبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ