رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، پەیامێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و تێیدا لەچوارچێوەی پیرۆزباییەکانی بۆ ئەو گەلانەی جەژنی نەورۆز دەکەن، پیرۆزبایی لە گەلی کوردیش دەکات و سوپاسیان دەکات بۆ ئەو رۆڵەی ئەو گەلانە لە کەنەدا هەیانە بۆ پێشخستنی وڵاتەکەیان.
رۆژی 20ی ئاداری 2023، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر تایبەت بە جەژنی نەورۆز بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت: "لە ساڵی نوێدا با لەکارکردنی پێکەوەیی بەردەوام بین بۆ بونیاتنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو کەنەدییەک."
ترودۆ لە پەیامەکەیدا بە هەردوو زمانی فەرمیی کەنەدا، کە ئینگلیزی و فەرەنسییە، دەشڵێت "کەنەدییەکان سوپاسگوزاری ئەو گەلانەن کە رۆڵیان لە پێشخستنی وڵاتەکەیان هەیە" و گوتیشی: "هیوای ساڵێکی خۆش و خۆشگوزەران و تەندروستان بۆ دەخوازم."
پێش ئەو پەیامەش، رۆژی یەکشەممە، 19ی ئاداری 2023، ترودۆ، هەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە و نوویسبووی: "جەژنی نەورۆز وەکو هەمیشە کۆکەرەوەی سەرجەم کۆمەڵگەکانە. نەورۆزتان پیرۆز بێت! بەهیوای تەندروستییەکی باش و دڵخۆشی و خۆشگوزەرانی لە ساڵی داهاتوودا."
دەقی گوتەکانی جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا
هەموو رۆژێکتان نەورۆز، نەورۆزتان پیرۆز. ئەمڕۆ کە خەڵکانێک لە کەنەدا و جیهانیش جەژنی نەورۆز دەکەنەوە، ساڵی نوێی فارسی، بۆ فارسەکان، ئەفغانییەکان، کورد، زەردەشتییەکان، بەهاییەکان، ئاسیای ناوەڕاست و ئیسماعیلییەکان، هیوادارم کاتێکی خۆش لە ئاهەنگەکانی ئەمساڵ بەسەربەرن. ئەمە هەلێکە بۆ نزیکبوونەوەمان و بیر لە ساڵی رابردوو بکەینەوە و بە خۆشحاڵییەوە بڕوانینە سەرەتاییەکی نوێ.
لەوکاتەی هەمووتان لەسەر مێزی حەفت سین کۆدەبنەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیارییەکان، گوێ لە میوزیک دەگرن و لەگەڵ خۆشەویستانتان خواردن دەخۆن، چاو لە ساڵی نوێ دەکەن، دەمەوێت پێتان بڵێم چەند سوپاسگوزاری ئێوە و رۆڵتانین لەم وڵاتە. لەوکاتەی دەچینە ساڵی نوێوە، با لەکارکردنی پێکەوەیی بەردەوام بین بۆ بونیاتنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو کەنەدییەک. لە خانەوادەکەمەوە بۆ ئێوە: ساڵی نوێتان پیرۆز بێت. هیوای ساڵێکی خۆش و خۆشگوزەران و تەندروستان بۆ دەخوازم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ