وشکەساڵی تەنگ بە خەڵكی رۆژئاوای ئەمریکا هەڵدەچنێت؛ 'مانگانە 1000 دۆلار بۆ کڕینی ئاو خەرج دەکەین'

20-03-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وشکەساڵی تەنگی بە خەڵکی رۆژئاوای ئەمریکا هەڵچنیوە، بەشێوەیەک هەندێک خێزان مانگانە 1000 بۆ 1200 دۆلار بۆ کڕینی ئاو خەرجدەکەن؛ سەرەڕای ئەوەش ئاوێکی کەمیان دەست دەکەوێت کە تەنیا بەشی خواردنەوە و دەستشۆردن و هەندێک شتی دیکەی سەرەتایی دەکات.
 
وشکەساڵییەکی کەموێنە ناوچەی رۆژئاوای ئەمریکای گرتووەتەوە. وێندی و وۆکەری هاوژینی داد و بێدادیانە بەدەست بێ ئاوییەوە، بەشێوەیەک ەک تەنانەت قاپ و قاچاخی نێو ماڵەکەشیان کردووە بە سەفەری.
 
ویندی، دانیشتووی رایۆ ڤێردی دەڵێت، "تەنیا شتێک کە وا لە خەڵك دەکات باشتر دەست بە ئاوەوە بگرن، بەرزبوونەوەی تێچووەکەیەتی. من و خەڵکیش لەوە تێگەیشتووین کە وشکەساڵی باش نییە، بەڵام کاریان تێناکات تاوەکو کاریگەریی لەسەر گیرفانەکانیان نەکات."
 
پێشتر خەڵك بە تانکەر ئاویان لە شاری سکۆتسدالەوە پێدەگەیشت، بەڵام ئێستا ئەویش رووبەڕووی کەمئاوی بووەتەوە، هەربۆیە ئەو چارەسەرەش نەما.
 
لۆتار رۆوی پیاوێکی بەتەمەنی دانیشتووی رایۆ ڤێردییە و بەدەست قەیرانێکی گەورەی بێ ئاوییەوە گیری خواردووە؛ سەرەتا بۆ خۆی و منداڵەکانی، دواتر بۆ ئەسپەکانی، ئەو دەڵێت، "رۆژانە پێویستمان بە 3785 لیتر ئاوە و لە هاوینیشدا پێویستمان بە 4542 لیترە، چونکە لە هاویندا ئەسپەکان ئاوی زۆرتر دەخۆنەوە. نازانین دوای چوار مانگی دیکە چیمان بەسەردێت."
 
هەر بیر لێدانێک لەو ناوچەیەی ئەمریکا نزیکەی 60 هەزار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیشەوە، هەموو ماڵێک ناتوانن بیر لێ بدەن؛ هەربۆیە جاروبار لەسەر ئاو گرژی دروست دەبێت؛ مامەڵەی لەو جۆرەش دەکرێت کە دراوسێی بێ ئاو بەشی دراوسێی ئاودار لە هەندێک شت دەدات لە بەرامبەر وەرگرتنی ئاودا.
 
رووباری کۆلۆرادۆ کە 40 ملیۆن خەڵک لە حەوت ویلایەت، لەنێویاندا ئاریزۆنا، لەسەری دەژین، ئاوەکەی بەراورد بە ساڵی 2000 بە رێژەی 20% کەمی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە