رووداو - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات "بە زووترین کات" چارەسەرێک بۆ یاساکانی نەوت و گاز و بودجە بدۆزنەوە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتیش دەڵێت "هانی هاوڕێ کوردەکانمان دەدەین ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن."
رۆژی دووشەممە، 20ـی شوباتی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و رایگەیاند "خۆشحاڵین بەو دانوستاندنانەی لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە لەبارەی ناکۆکییە درێژخایەنەکان، لەنێویدا یاساکانی نەوت و گاز و بودجە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "ئێمە بەردەوام هانی هاوڕێ کوردەکانمان داوە بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانیان چارەسەربکەن تاوەکو خزمەت بە دەنگدەرەکانیان بکەن و لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا، وەکو بەرەیەکی یەکگرتوو کاربکەن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە کە ئیدارەی ئەمریکا پابەندە بە یارمەتیدانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان "بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی بەهێز بونیاتبنێن". ئەویش وەکو خۆی دەڵێت، بەگوێرەی دەستووری عێراقی. هاوکات، دەڵێت ئەمریکا هانی لایەنەکان دەدات بۆ ئەوەی "بە زووترین کات بگەنە چارەسەرێک".
رۆژی شه‌ممه 18-02-2023 لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن؛ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنى بلینكن، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا كۆبووه‌وه. وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هه‌ردوولا لەبارەی دوايين سه‌ردانى شاندى عێراق بۆ واشنتن و گفتوگۆكانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مريكا، بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى رێككه‌وتنى چوارچێوه‌ى ستراتيژيى نێوانیان و دۆخى عێراق بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئه‌نتۆنى بلینكن پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه. هه‌روه‌ها "به بايه‌خه‌وه باسى له په‌يوەندييه‌كانى هه‌ولێر - به‌غدا كرد كه زۆر گرنگه په‌يوه‌ندييه‌كى سه‌قامگير بێت و كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن."
هاوکات، بلینکن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیێنداراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەردوولا باسیان لە کێشە هەنووکەییەکانی عێراق کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ