کیم جۆنگ ئوون گڵۆپی سەوز بۆ هەڵدانی یەکەم مانگی دەستکردی سیخوڕیکردن هەڵدەکات

19-04-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆریای باکوور گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدانی یەکەم مانگی دەستکرد بۆ مەبەستی سیخوڕیکردن هەڵکرد، ئەو پەرەسەندنەش تەنیا یەک هەفتە دوای هەڵدانی مووشەکێکی بالیستی دێت لەلایەن وڵاتەکە کە بە سووتەمەنی رەق کاردەکات، ئەمەش بە هەنگاوێکی گەورە لەو چەکە پێشکەوتووانەی وڵاتەکە دادەنرێت کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لێی قەدەخە کراوە.
 
کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە رێگەی میدیای فەرمیی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند، دروستکردن و بوونیادنانی یەکەم مانگی دەستکردی سیخوڕی تەواو بووە و ئامادەیە بۆ هەڵدان.
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی نیسانی 2023، کیم جۆنگ ئوون داوایکرد، "دڵنیایی بدرێت لەوەی یەکەم مانگی دەستکردی چاودێری کە لە مانگی نیسان ئامادەبووە، لە کاتی دیاریکراو هەڵبدرێت."
 
سەرۆکی کۆریای باکوور لە کاتی سەردانێکی بۆ ئیدارەی گەشەسەندنی نیشتمانیی ئاسمانی وڵاتەکەی داوای لە ستافی ئیدارەکە کرد، توانای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری بەرەوپێشببەن و چەندین مانگی دەستکردی چاودێریکردنی زیاتر لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری گۆی زەوی بڵاوبکەنەوە."
 
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور وێنەی سەردانەکەی کیم و خوشکەکەی بۆ ئیدارەی بۆشایی ئاسمانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، تەلەڤزیۆنەکە بەشێک لەو کەرەستانەی تەڵخ کردبوو کە کیم بەسەری کردوونەتەوە.
 
پەرەپێدانی مانگی دەستکردی چاودێری یەکێک بوو لە پڕۆژە هەرە لەپێشەکانی بەرگری کە کیم جۆنگ ئوون لە 2021 خستیەڕوو.
 
لە کانوونی دووەمی 2022 کۆریای باکوور چەند وێنەیەکی ئەزموونی مانگە دەستکردەکەی بڵاوکردەوە و کۆریای باشوور رەخنەی لێگرت و دیمەنی مانگە دەستکردەکەی بە "خراپ" وەسفکرد.
 
پێشکەوتنی سەربازیی کۆریای باکوور
 
لە 13ـی نیسانی 2023، کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستیی نوێی بە ئاراستەی دەریا تاقیکردەوە؛ ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لە ناوچەکە دروستکرد و لە دوورگەیەکی ژاپۆن داوا لە خەڵك کرا پەناگە بدۆزنەوە و خۆیان بشارنەوە.
 
بەرپرسانی سەربازیی کۆریای باشوور دانیان بەوەنا کە پیۆنگیانگ جۆرە مووشەکێکی نوێی تاقیکردووەتەوە کە بە سووتەمەنی رەق کار دەکات و لە نمایشە سەربازییەکانی ئەم دواییە پیشانی داون.
 
ئەو مووشەکانەی بە مادەی خاوی رەق کار دەکەن گواستنەوە و تەقاندنیان ئاسانە و پێویستیان بە ئاگادارکردنەوە یاخود ئامادەکارییەکی ئەوتۆ نییە. سیئۆل دەڵێت، پیۆنگیانگ بەمدواییانە دەستیکردووە بە بەرهەمێنانی ئەو جۆرە مووشەکانە.
 
ئەم تاقیکردنەوەیە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور هێزەکانی خۆی بە شێوەیەکی "کردەیی" خستە باری بەرپەرچدانەوە، ئەمەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ مەشقە سەربازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە کە پیۆنگیانگ بە "دووژمنکارانە" ناویان دەبات.
 
کۆریای باکوور سەرکۆنەی هەر مەشقێکی سەربازیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشووری کردووە و بە "هەراسانکەر" ناوی بردووە، لە بەرامبەر ئەو مەشقانەدا بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی چەکە قورسەکانی.
 
لە ئامارەکانی 10 ساڵەی رابردووی کۆریای باکوور دەردەکەوێت تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی روویان لە زیادبوونە، لە 2022دا 70 مووشەکی تاقیکردووەتەوە، ئەمەش زۆرترین تاقیکردنەوەیە لە مێژووی شۆڕشی بەرەوپێشچوونی مووشەکەکانی پیۆنگ یانگ، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا تەنیا لە 2018دا دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و کۆریای باشوور مووشەکی تاقینەکردووەتەوە.
 
2022
70 مووشەک 
2021
10 مووشەک 
2020
9 مووشەک 
2019
20 مووشەک 
2018
0 مووشەک 
2017
24 مووشەک 
2016
22 مووشەک 
2015
17 مووشەک 
2014
17 مووشەک 
2013
نۆ مووشەک 
2012
شەش مووشەک 
 
سەرەڕای سەرکۆنەکردن و هۆشداریدان، ئەمریکا دەرگەی دیپلۆماسی بەسەر پیۆنگیانگ دانەخستووە. هەفتەی رابردوو ئادرین واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "دەرگەی دیپلۆماسییان دانەخستووە، بەڵام پێشوەختە دەبێت پیۆنگیانگ ئەم کردەوە وێرانکاریانە رابگرێت و رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە