رووداو دیجیتاڵ
کیێڤی پایتەختی ئۆکراینایە. ئاگربەست، مژاری گەرمی نێو هاونیشتمانییەکانییەتی. هەموویان هیواخوازی راگەیاندنی ئاگربەستن، بەڵام راوبۆچوونی جیاوازیان لەوبارەیەوە هەیە.
ئەندرێ دوبینا، دانیشتووی کیێڤە و باس لەوە دەکات، "پێموایە کە ئاگربەست لە ماوەیەکی نزیکدا روونادات، لەبەر ئەوەی هەردوولا سوپایەکی بەهێزیان هەیە و نایانەوێت ئاگربەستەکە بکەن. دەبێت لەوە تێبگەین کە ئۆکراینا بە روونی لە گوتارەکانی دیارە کە لە جەنگەکە بەردەوام دەبێت. هەروەها بەڕوونی لەوە تێدەگەین کە رووسیا دەرفەتی ئەوەمان پێنادات بە ئارامی و ئاشتی بژین، بۆیە گەلی ئێمە لە بەرخودان بەردەوام دەبێت."
سەربازانی رووسیاش لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ، ماندوون و ماوەیەکی زۆرە لە جەنگ دان. ئەوان زیاتر لە هەر چین و توێژێکی دیکەی نێو ئۆکراینییەکان هیوای بەدیهاتنی ئاگربەست دەخوازن، بەڵام پێیان وانییە وا بە ئاسانی رابگەیێندرێت.
ئۆلێکساندەر، سەربازێکی ئۆکراینییە و لەبارەی ئاگربەستەوە باس لەوە دەکات، "پێموایە ئاگربەست لەسەر ئێمە نەوەستاوە، لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین. هەروەها ناتوانین بە ئاسانی متمانە بەو کەسانە بکەین کە هێرشمان دەکەنە سەر و منداڵەکانمان دەکوژن."
رۆژی دووشەممە ترەمپ و پووتین لەسەر پرسی ئاگربەستی ئۆکراینا قسەیان کرد. بەگوتەی کۆشکی سپی، هەردوو سەرۆک کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەم ململانێیە دەبێت بە ئاشتییەکی درێژخایەن کۆتایی بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییەکەوە دەڵێت، "پێموایە کە پەیوەندییەکی نایابمان کرد. پەیوەندییەکە نزیکەی دوو کاژێری خایاند. باسمان لە زۆر شت کرد و باسمان لە بەرقەرارکردنی ئاشتی کرد."
سەرەڕای گفتوگۆکانی ئاگربەست، تاوەکو ئێستا هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر یەکتری بەردەوامن.
بەرپرسانی رووسیا رایدەگەیێنن، نزیکەی تەواوی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونیان لە هەرێمی کورسک کۆنترۆل کردووەتەوە و لە هەرێمی دۆنێتسکی رۆژئاوای ئۆکراینا و هەرێمی سومی باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکرایناش لە پێشڕەویدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ