رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن بە زووترین کات لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بگاتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا.
رۆژی چوارشەممە 19-03-2025 تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "ئێمە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا بە زووترین کات بگاتە رێککەوتنێک و رێز لە گرێبەستە ھەنووکەیییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا بگرێت."
برووس پێیوابوو کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا، "گەرەنتیی ئەوە دەکات کە نەوتی عێراق دەگاتە بازاڕە جیھانییەکان، بەتایبەت بازاڕەکانی ئەوروپا."
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.
یەکشەممە، 16ـى ئادار، شاندێکى باڵاى حکومەتى تورکیا بە سەرۆکایەتیى ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا سەردانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا "پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، بە تایبەتی لە بواری وزەدا تاوتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان لە زووترین کاتدا."
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کۆبووەوە.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سوودانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران جەختى لەوە کردووەتەوە حکومەتەکەى "هەوڵى زۆر" دەدات بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان.
سوودانى ئاماژەى بەوەداوە، دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بەردەوامە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە تەکنیکییەکانى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، تامی برووس لەبارەی بزووتنەوەی حووسییەکانی یەمەن گوتی: "بێگومان حووسییەکان، ئەو ئەنجامانە دەبینن کە ئێمە پابەندین بە کردنیان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بارودۆخەکە لەسەر ئەم هەسارەیە دەگۆڕێت، هیچ گومانم نییە، ئێرانیش سەرنجی ئەوەی داوە."
لە رۆژی شەممەوە ئەمریکا هێرشی تووندی کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی حووسییەکانی یەمەندان، ئەمەش وایکرد خەڵکێکی زۆر بڕژێنە سەر شەقامەکان. ئەمریکا لە وەڵامی هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بۆردوومانی یەمەنی کرد.
رۆژی شەممە 15ـی مانگ وەزارەتی تەندروستیی یەمەن، کە حووسییەکان بەڕێوەی دەبەن رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمریکادا 53 کەس کوژران و نزیکەی 100 کەس بریندار بوون. ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشەکەدا چەندین بەرپرسی باڵای حووسییەکان کوژران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ بڵاویکردەوە: "راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، لە کاتێکدا ئێران چڕیی هاوکارییە سەربازییەکانی و پشتیوانی گشتیی بۆ حووسییەکان کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا بڕێکی زۆر پێداویستییان بۆ رەوانە دەکات."
ترەمپ بە تووندی داوایکرد: "پێویستە ئێران دەستبەجێ رەوانەکردنی ئەو پێداویستییانە بوەستێنێت. با حووسییەکان خۆیان شەڕ بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ