پێشنیاز دەکرێت دادگەییکردنی مامی بەشار ئەسەد هەڵبوەشێنرێتەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیاربوو رەفعەت ئەسەد، برای حافز ئەسەدی سەرۆکی پێشوو و مامی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سووریا، لە سویسرا دادگەیی بکرێت، بەڵام ئێستا پێشنیاز کراوە لەبەر خراپیی دۆخی تەندروستی، دادگەییەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.
 
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی سویسرا رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی دادگەییکردنی مامی سەرۆکی پێشووی سووریا بەشار ئەسەد کراوە و داوایان لە لایەنەکانی کەیسەکە کردووە بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو.
 
بڕیار بوو رەفعەت ئەسەدی 87 ساڵان بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵە تاوانێک دادگەیی بکرێت کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی فەرماندەی سوپای سووریا بووە لە ساڵی 1982، ئەوکات هێرشی کردە سەر شاری حەما و زیاتر لە 20 رۆژ شارەکەی گەمارۆدا و هەزاران کەسی کوشت کە زۆربەیان سڤیل بوون.
 
گوتەبێژی دادگای تاوانی فیدراڵی لە سویسرا گوتی: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە بەهۆی باری تەندروستیی تۆمەتبارەوە، کە لە رووی جەستەییەوە ناتوانێت گەشت بۆ سویسرا بکات و لە رووی دەروونیش ناتوانێت بەشداری گفتوگۆکان بکات، بەرپرسانی دادگە داوایان لە لایەنەکان کردووە بڕیار لەسەر داخستنی دۆسییەکە بدەن".
 
هەروەها گوتی، دادگە کە باڵاترین دەسەڵاتی تاوانە لە سویسرا، هێشتا بڕیاری لەسەر داخستنی دۆسیەکە نەداوە و چاوەڕێ دەکرێت بۆچوونی هەموو لایەنەکان تاوەکو نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم وەربگیرێت.
 
لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دۆسییەکە، کە لە 12ی ئاداری 2024 دەرچوو، پارێزەرەکانی گوتیان: "ئەسەد هەمیشە نکۆڵی لە هەر تێوەگلانێکی لەو کردەوانەی کردووە کە لەم دۆسیەدا تۆمەتبارکراوە".
 
ئەوکات نووسینگەی داواکاری گشتی گوتی، رەفعەت ئەسەد تۆمەتبارە بە دەرکردنی فەرمانی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دڕندانە و دەستگیرکردنی نایاسایی لە شوباتی 1982 کاتێک فەرماندەی هێزەکانی کردووە لە شاری حەمای رۆژئاوای سووریا.
 
ئێستا شوێنی رەفعەت ئەسەد نەزانراوە، لە دەرەوەی سووریا ژیاوە و لە نێوەڕاستی هەشتاکانەوە زۆربەی کات لە فەڕەنسا بووە، ئەمە دوای ئەوە هات کە تۆمەتبارکرا بە هەوڵدان بۆ رووخاندنی براکەی [سەرۆکی پێشوو حافز ئەسەد].
 
نووسینگەی داواکاری گشتی، رێکارەکانی دادگاییکردنی رەفعەت ئەسەدی بە تاوانی جەنگ لە کانوونی یەکەمی 2013 دەستپێکرد بەپێی بنەمای دەسەڵاتی دادوەری جیهانی و تاوانەکانی جەنگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا. وێنە: AP

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: کۆبانێ سیمبولی ئازایەتیی کوردە

رۆژی سێشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "کۆبانێ سیمبولی شەڕی ئازایانەی کوردەکانە لە دژی داعش. لەدوای 14 ساڵ لە جەنگ، نابێت چیدیکە خوێنڕشتن بەرۆکی خەڵکەکەی بگرێت."