رووسیا: شاری ئەڤدیڤکامان بەتەواوی کۆنترۆڵ کرد

18-02-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن جەنگی رووسیا و ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووسیا رایگەیاند، شاری ئەڤدیڤکای لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا "بە تەواوی کۆنترۆڵکردووە"، ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی کیێڤ گوتی، لەو شارە کشاونەتەوە بۆ ئەوەی "ژیانی سەربازەکانی بپارێزێت."
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی شەممە، رایگەیاند، سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگری، ڤیلادمیر پووتینی سەرۆکی وڵاتەکەی لە پێشڕەوییەکە ئاگادارکردووەتەوە. 
 
دیمتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن گوتی، پووتین "بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنە مەزنەوە، پیرۆزبایی لە سوپا و جەنگاوەرەکانمان دەکات."
 
ئۆکراینا رایگەیاند، لەبەر ئەوەی رووبەڕووی کەمیی چەک و تەقەمەنی دەبنەوە و ژمارەی سەربازەکانیان لە کەمبوونەوەدایە، ناچاربوون بەرەبەیانی رۆژی شەممە، پاشەکشە بکەن. 
 
دروستبوونی ئەو گۆڕانە لە گۆڕەپانی جەنگ دوای چەند مانگێکی پڕ لە گوشاری هێزەکانی رووسیا هات. 
 
لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، رووسیا قورسایی خۆی خستە سەر ئەو ناوەندە پیشەسازییەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا؛ شارەکە وێران بوو و ژمارەیەکی زۆری سەربازانی هەردوولا کوژران. 
 
لە ئایاری ساڵی رابردووەوە، کۆنترۆڵکردنی ئەڤدیڤکا بووە گەورەترین دەستکەوتی جەنگیی رووسیا. 
 
هەر رۆژی شەممە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە ئامادەبووانی کۆنفرانسی ئاساییشی میونشنی راگەیاند "پاراستنی خەڵکەکەمان، گرنگترین ئەرکە بۆ ئێمە. بۆ ئەوەی نەهێڵین گەمارۆ بدرێین، بڕیاردرا پاشەکشە بەرەو بەرەکانی دیکە بکرێت. ئەمە بە واتەی ئەوە نایەت خەڵکەکە چەند کیلۆمەترێک کشابنەوە و رووسیا شتێکی کۆنترۆڵکردبێت. ئەوان هیچ شتیان کۆنترۆڵ نەکرد."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە