بەربژێری جێگری نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: پێویستە کورد پارێزراو بێت

04-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ژنێکی 42 ساڵی وەکو جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستنیشان کرد. ژنە هەڵبژێردراوەکە لەبارەی کوردی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەڵێت، "پێویستە دڵنیا ببینەوە کورد دەپارێزرێن."
 
رۆژی هەینی 03-01-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، مۆرگن ئۆرتگس وەکو جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستنیشان کراوە.
 
ئۆرتگس لە تیمی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستبەکار دەبێت.
 
دوای دەستنیشانکردنی لە پۆستەکەی، ئۆرتگس لە ئێکس رایگەیاند، "شکۆمەندم سەرۆک ترەمپ بۆ ئەم پۆستە دەستنیشانی کردم. دەرفەتی دووبارە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەم ئەرکێکی دیپلۆماسیی گرنگە و خەونێکە هاتووەتە دی. گرنگترین شت ئەوەیە لە ماوەی [سەرۆکایەتیی] ترەمپدا ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەیەکی پڕ کێشە دەهێنینەوە."
 
ئۆرتگس باسی پرسی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووە و دەڵێت، "پێویستە سەرکردەکانمان لەوە دڵنیاببنەوە کوردەکان پارێزراون و تیرۆریستەکان ناتوانن ئەم پشێوییەی ئێستا بۆ شکاندنی گرتووخانەکان بقۆزنەوە."
 
ئۆرتگس لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بوو، پێش ئەوەش لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کاری کردووە.
 
ترەمپ رەخنە لەو خانمە دەگرێت و دەڵێت، "پێشتر مۆرگن بۆ سێ ساڵ شەڕی دژم کرد، بەڵام هیوادارم وانەی خۆی وەرگرتبێت." هەروەها گوتیشی، "ئەو (ئۆرتگس) پاڵپشتیکارێکی بەهێزی کۆمارییەکانە. ئەم کارە بۆ خۆم ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوان دەیکەم. با بزانین چی روودەدات."
 
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوتیشی، ئەو دەیەوێت ستیڤ و ئۆرتگس کار بکەن، بۆئەوەی "ئارامی و خۆشگوزەرانی" بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگەڕێننەوە و "پێشبینیی ئەنجامی گەورە دەکەم."
 
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پشێوییەکی زۆردایە و جەنگی غەززە هێشتا بەردەوامە. ئۆرتگس کە ئەزموونێکی زۆری لە ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە هەیە، یارمەتیی مامەڵەی کۆشکی سپی لەگەڵ ئەو ناوچەیە دەدات.
 
ئۆرتگسی 42 ساڵ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2016 کە دواتر ترەمپ بردییەوە، رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و گوتی: "سیاسەتێکی دەرەوەی داخراوی هەیە" و رەخنەی لە هەڵسوکەوتی کەسیی ترەمپیش گرت. 
 
ئەگەر پێش 20-01-2025 حەماس و ئیسرائیل نەگەنە ئاگربەست و ترەمپ سوێندی دەستوور بخوات، ئەوا کاری سەرەکی و لەپێشینەی وتکۆف و ئۆرتگس بریتی دەبێت لە راگرتنی ئەو جەنگە، بە تایبەت ترەمپ چەند جارێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پار گوتی، "لە 24 کاژێر" جەنگی غەززە رادەگرێت.
 
مۆرگن ئۆرتگس لە 1982 لە فلۆریدا لەدایکبووە و لە ساڵی 2013 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، یەک منداڵی هەیە و بڕوانامەی ماستەری لە کارگێڕیی کار هەیە. ئۆرتگس ماوەیەک لە بەغدا ژیاوە و لەوێ ئایینی خۆی گۆڕیوە و بووەتە جوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە