رووداو دیجیتاڵ
بەنێوەندگیریی ئیمارات؛ ئۆکراینا 248 سەرباز و رووسیاش 230 سەرباز و مەدەنیی دیلیان ئاڵوگۆڕ کرد. سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، سوپاسی هەرکەسێک دەکەن، کە سەرەڕای سەختییەکان، خەڵکەکەیان دەگەڕێننەوە نیشتیمانەکەیان.
رۆژی چوارشەممە 3-1-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، دوای چەند دانوستاندنێکی ئاڵۆز لەگەڵ ئۆکرانیا کە ئیمارات نێوەندگیریان بوو، 248 سەربازی رووسی، کە لەلایەن ئۆکرایناوە بەدیل گیرابوون، ئازادکران.
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا کە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "چارەسەری پزیشکی و دەروونی بۆ هەموو سەربازەکان دابینکراوە."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئازادکردنی زیاتر لە 200 سەربازی ئۆکراینی لەلایەن رووسیاوە راگەیاند و ڤیدیۆیەکی هاتنەوەی سەربازەکانی بڵاوکردەوە، لەسەریشی نووسیوە، "ئەوانەی ئێمەش هاتنەوە."
زیلینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسیش نووسیویەتی "230 هاووڵاتییمان ئەمڕۆ کە لە 213 سەرباز و فەرماندە، 11 ئەفسەر لەگەڵ شەش کەسی سڤیل پێکدێن، گەڕانەوە وڵات. سوپاس بۆ هەر کەسێک کە سەرەڕای سەختییەکان، خەڵکی ئێمە دەگەڕێنێتەوە نیشتیمانی خۆیان. سوپاس بۆ ئەوانەی بەرگریمان لێدەکەن. ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ هێنانەوەی دیلەکانی دیکەمان."
رۆژی دووشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2024، لە یەکەم پەیامیدا لە ساڵی 2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ساڵی نوێدا پلانی هەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکراینا فراوانتر بکات و، گوتی "دەست بە چڕکردنەوەی هێرشەکان دەکەین، لەبەرئەوەی هیچ تاوانێک دژی خەڵکی سڤیل بێ سزا تێناپەڕێت؛ بێگومان بن لەوە. لە ئەمڕۆوە ئەو کارە دەکەین و سبەینێش بەردەوام دەبین."
دوای ئەو قسانە، رووسیا دوو شاری هەرە گەورەی ئۆکراینای مووشەکباران کرد، کە کیێڤی پایتەخت و خارکیێڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بوون. بۆردوومانەکان بوونە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی نزیکەی 70 کەسی دیکە و بڕانی کارەبای 250 هەزار کەس لە پایتەختی ئەو وڵاتە. سوپای ئۆکراینا دەڵێت، لە کۆی 99 مووشەک کە رووسیا ئاراستەی ئۆکراینای کردبوون، 72ـیان خستوونەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگریی رووسیاش دەڵێت "هەموو" ئەو شوێنانەی ئامانجیان بوون، لەنێوبردوون.
لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو جەنگە 22 مانگییەدا، زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.
بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی و لە بەرامبەریشدا، لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ