رووداو دیجیتاڵ
لە کەشێکی سارد لە داڤۆسی سویسرا کۆڕبەندی ئابووری جیهان بەڕێوەدەچێت؛ لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەشدا و لە رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی کریستاڵ، باسی کێشەی جووتیاران کرا.
خەڵاتەکانی کریستاڵ بەو کەسانە دران کاریان لە بواری ئاسایشی خۆراک، گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەدا کردووە.
ئیدریس ئێلبا، ئەکتەرە و دەڵێت: "هەژارانی ئەم جیهانە بەدوای هاوکاری و بەخشین ناگەڕێن. ئەوان بەدوای وەبەرهێناندا دەگەڕێن. وەبەرهێنان لە خەڵک، سرووشت، داهێنان و هاوبەشیدا."
سابرینا داوەر، باڵیۆزی نیازپاکی گوتی، "زۆرجار جووتیاران تەنیا بە یەک کارەسات، یەک لافاو یان وشکەساڵی هەموو رەنجیان بەبادا دەڕوات. گوندەکان پڕن لە دانیشتووی گەنجی بەهرەدار و بازاڕی چالاک کە دەتوانن خۆراک بۆ جیهانیش دابینبکەن."
کۆڕبەندەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و سەرووی 250 پانێڵ بەڕێوەدەچن. زیاتر لە 2 هەزار و 700 سیاسەتڤان لە 130 وڵاتەوە بەشدارن. یەكێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە گۆڕانی کەشوهەوایە کە جووتیاران پشکی شێریان لە دەرهاوێشتەکانیدا بەردەکەوێت.
ئەلڤارۆ لاریۆس، سەرۆکی سندووقی جیهانی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ دەڵێت: "ئێمە بۆ نموونە، لە ناوچەی ساحل لەگەڵ سندووقی کەشوهەوای سەوز و کۆمپانیا تایبەتەکان کاردەکەین بۆ ئەوەی یارمەتی جووتیارە هەژارەکان بدەین. ئەوان دەتوانن گۆڕانکاری دروستبکەن و دەرفەتی کار بڕەخسێنن."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جووتیارە هەژارەکان سێیەکی خۆراکی جیهان دابیندەکەن. سەرووی 70٪ـی خۆراکی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقاش لەلایەن جووتیارە کەمدەرامەتەکانەوە دابیندەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ