رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی تاڵیبان سەرکردەیەکی شیعە مەزهەبی پێشووی خۆی کوشت، لە کاتێکدا هەوڵی دەدا بەرەو ئێران هەڵبێت.
رۆژی چوارشەممە 17-8-2022، وەزارەتی بەرگریی تاڵیبان رایگەیاند، مەهدی موجاهید لەلایەن پاسەوانانی سەر سنووری نێوان ئەفغانستان و ئێرانەوە کوژراوە لە کاتێکدا هەوڵیداوە بەرەو کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبێت. هاوکات تەواوی ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن تاڵیبان لە ژێر ئەشکەنجەدا موجاهیدی کوشتبێت.
مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، مەهدی موجاهید بەهۆی هەندێک جیاوازییەوە لە دژی بزووتنەوەی تاڵیبان وەستایەوە، کە ئەمە بە گەورەترین گرژیی نێوخۆیی تاڵیبان دادەنرێت لەو کاتەوەی گەڕاوەتەوە دەسەڵات لە ئابی ساڵی رابردوودا.
دوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان، مەهدی موجاهید پۆستی بەرپرسی هەواڵگریی هەرێمی بامیانی وەرگرت، بەڵام چەند مانگێک دوای ئەوە، لە دژی بزووتنەوەی تاڵیبان وەستایەوە کە تاڵیبان هۆکارەکەی بۆ گرتنەدەستی بازرگانیی خەڵووز دەگێڕێتەوە.
حوزەیرانی ئەمساڵ حکومەتی تاڵیبان هەزاران سەربازی بۆ تێکشکاندنی هێزەکەی موجاهیدی ناردە هەرێمی هەزارەجات کە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 27 هەزار هاووڵاتی بەهۆی پێکدادانەوە ئاوارە بوون.
مەهدی موجاهید بە رەچەڵەک خەڵکی هەرێمی هەزارەجاتە کە زۆربەی دانیشتووانەکەی شیعەن؛ بەگوێرەی راپۆرتە نافەرمییەکان، سەرەتای کێشەکانی نێوان مەهدی موجاهید و تاڵیبان بەهۆی هەوڵدانی تاڵیبان بۆ دابڕینی خەڵکی ئەو هەرێمە بووە لە دەسەڵات.
رۆژی چوارشەممە، نەعیم حەقانی، بەرپرسی راگەیاندنی حکومەتی تاڵیبان بە میدیاکانی گوت، لە نزیک سنووری نێوان ئەفغانستان و ئێران، پاسەوانانی سنوور مەهدی موجاهیدیان ناسیوەتەوە و هێرشیان کردووتە سەری؛ پاش چەند خولەکێک لە بەریەککەوتن کوژراوە و "بەهۆی بیر و بۆچوونە جیاوازییەکانیەوە گەیشت بە سزای خۆی". نەعیم حەقانی گوتیشی: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن ئەو کەسە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرابێت دوورن لە راستیەوە".
دژایەتیکردنی خەڵکی ناوچەی هەزارەجات بابەتێکی نوێ نییە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاڵیبان بەوە تۆمەتبار دەکەن لە 1996 بۆ 2001 بەردەوام ئازاری خەڵکی هەزارەجاتیان داوە. هاوکات هەزارەییەکان بەردەوام لەلایەن داعشەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، چونکە بە نەریتخوازیان دادەنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ