جیهان
راسپاردنی كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەكاتێكدا بوو كە لە هیچ قۆناخێكی 40 ساڵی رابردوودا، پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا هێندەی پێنج مانگی رابردوو ئاڵۆز نەبوون
رووداو ـ هەولێر
مانگێك پێش راسپاردنی مستەفا كازمی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كەتایبی حیزبوڵڵای عێراق هۆشداری دەدات كە ئەو هەنگاوە "وەكو راگەیاندنی شەڕە لە دژی خەڵكی عێراق"، بەڵام رێككەوتنێكی نهێنیی ئەمریكا و ئێران ئاوی بەسەر هەموو ئاگرەكاندا كرد. بەگوێرەی رێككەوتنەكە ئێران داوای لە میلیشیا عێراقییەكان دەكرد پشتگیری لە كازمی بكەن، لە بەرامبەریشدا ئەمریكا چالاكییە سەربازییەكانی لە كەنداو كەمدەكاتەوە و چاوپۆشی لەو وڵاتە ئەوروپاییانە دەكات كە بە پێچەوانەی سزاكانی ئەمریكا پارە و داهاتی ئێران ئازاد دەكەن.
راسپاردنی كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەكاتێكدا بوو كە لە هیچ قۆناخێكی 40 ساڵی رابردوودا، پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا هێندەی پێنج مانگی رابردوو ئاڵۆز نەبوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، فەرماندەی كەتایبی حیزبوڵڵای عێراق لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی كوژران.
رەزامەندی لە بەرامبەر ئازادكردنی پارە و كەمكردنەوەی جموجۆڵی سەربازی
كازمی پێش پۆستەكەی ئێستای بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق بوو. ئەبوعەلی عەسكەری، لە رۆژی 4ی ئادار كازمیی بەوە تۆمەتبار دەكرد كە دەستی هەبووە لە كوشتنی سولەیمانی و موهەندیسدا. هەواڵگریی عێراق بە تووندی ئەو تۆمەتەی رەتكردەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رێككەوتنە نهێنییەكە بە ماڵپەڕی (میدڵئیست ئای)ی قەتەری دەڵێ "ئەمریكییەكان پیاوی خۆیان لەوێ دانا و ئێرانییەكانیش پارەی خۆیان دەستكەوت. ئەو دۆخە ئابوورییە سەختەی تووشی ئێرانییەكان بووە و هەموو ئەو كێشانەی دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی هاتووەتە رێگەیان، زۆر بە تووندی كاریان لە ئێران كردبوو. لە كۆتاییدا ئێرانییەكان ئەو پیاوە (واتە كازمی)یان قبووڵكرد و بە هاوپەیمانەكانیان گوت دەنگی پێبدەن".
لە مانگی نیسان و دوای شكستی هەوڵەكانی دوو سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو، داوا لە كازمی كرا هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدات، هەموو ئەو هەوڵانەش پاش ئەوە هاتن كە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، لەسەر داوای مەرجەعییەت و پاش كوژرانی خۆپیشاندەران، ناچاربوو دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات.
ماڵپەڕە قەتەرییەكە لە مانگی ئادار لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای حكومەتی تاران ئاشكرایكرد، ئەمریكا لێخۆشبوونی بۆ هەندێك وڵات دەركردووە و رێگەی پێداون بەشێك لە پارەی ئێران ئازادبكەن، بۆئەوەی حكومەتی تاران بتوانێت پێداویستییە پزیشكییەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بكڕێت. بەرپرسەكە دەڵێ "هەوڵی هەندێك وڵات وایكرد بەشێك لە پارەی بانكی ناوەندی ئێران (لە بانكەكانی دەرەوە) سڕكردنەكەی لەسەر هەڵبگیرێت".
سەرچاوەیەكی عێراقیش كە ئامادە نەبووە ناوی وڵاتە ئەوروپییەكان بڵێت كە پارەی ئێرانیان لێ ئازاد دەكرێت، ئاماژەی بەوە كردووە كە لە سەرەتای مانگی نیسان دادگای لۆکسمبۆرگ ئامادەنەبووە بە بەڵێ وەڵامی داوایەكی حكومەتی ئەمریكا بداتەوە سەبارەت بە ناردنی 1.6 ملیار دۆلار پارەی ئێران بۆ قوربانیانی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر.
سەرچاوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كشانەوەی سیستەمی مووشەكیی پەتریۆتی ئەمریكی لە سعودیە و كەمكردنەوەی جموجۆڵی سەربازیی لە كەنداویش بەشێكن لە رێككەوتنە نهێنییەكە.
یەكێك لە سەرچاوەكان دەڵێ "كشاندنەوەی پەتریۆتەكان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی كەنداو بوو. لەوەش گرنگتر ئەمریكا قایلبوو گڵۆپی سەوز دابگیرسێنێ و رێگە بە ئەوروپییەكان بدات هەندێك لە پارە سڕكراوەكانی ئێران ئازاد بكات. واتە ئەمریكا بەرامبەر ئازادكردنی هەندێك لەو پارە سڕكراوە ناڕەزایی نانوێنێت، ئەمریكییەكان گوێی خۆیانی لێ دەخەوێنن".
كۆبوونەوەی واشنتن
كازمی، كە ناوە راستەقینەكەی مستەفا عەبدولـلەتیفە، لە سەردەمی دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق پۆستی بەرپرسی هەواڵگریی عێراقی پێدرا. بەگوێرەی راپۆرتەكەی (میدڵئیست ئای)، كازمی لە 2018 لە واشنتن بەشداریی كۆبوونەوەیەكی كردبوو كە تێیدا مایك پۆمپەیۆ، بەرپرسی ئەوكاتی سی ئای ئەی و وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمریكا و خالد عەلی ئەلحومەیدان، سەرۆكی هەواڵگریی سعودیە بەشداربوون. تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە ئەو رێكارانە بوو كە دەبووایە بگیرێنەبەر بۆ بەربژێركردنەوەی عەبادی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران و بەرەنگاربوونەوەی بەربژێرەكانی سەر بە ئێران لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018 .
هەوڵەكە شكستیهێنا و چوار مانگ دوای هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018، لایەنە عێراقییەكان و ئێران و ئەمریكا لەسەر عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێككەوتن، كە ئەویش تەنیا بۆ ماوەی یەک ساڵ توانیی لە پۆستەكەیدا وەكو سەرۆكوەزیرانی تەواو كار بكات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەتیكردووەتەوە رێككەوتنێكی لەو جۆرە كرابێت و دەڵێ، ئەمریكا رێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت و دەیەوێ ئێرانیش هەمان هەڵوێستی هەبێت.
نێوانگیری لەنێوان سعودیە و ئێران
یەكەم كەس كە دوای متمانە وەرگرتنی كابینەكەی كازمی لە پەرلەمان تەلەفۆنی بۆ كردووە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بووە، كە هاوكات داوای لە سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراقیش كردووە هەوڵەكانی نێوبژیوانیی وڵاتەكەی لەگەڵ تاران دەستپێبكاتەوە.
بن سەلمان لە گەرمەی گرژییەكانی نێوان ریاز و تاران لە ئەیلوولی 2019، داوای لە عەبدولمەهدی كردبوو ئەو رۆڵە بگێڕێت، ئەوكات دامەزراوە نەوتییەكانی ئارامكۆ ببوونە ئامانجی هێرشی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان. حوسییەكانی یەمەن هەر زوو بەرپرسیارێتیی هێرشەكەیان گرتەئەستۆ، بەڵام واشنتن و ریاز پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئێران درێژدەكرد.
ئەمریكا نەك هیچ كاردانەوەیەكی تووندی بەرامبەر هێرشی سەر گەورەترین هاوپەیمانی خۆی لە كەنداو نەبوو، بەڵكو دوو هەفتە دوای هێرشەكانی 14ی ئەیلوولی سەر ئارامكۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەوڵی زۆری دا لە رێگەی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ حەسەن رووحانی، سەرۆككۆماری ئێران گفتوگۆی تەلەفۆنی ئەنجامبدات.
بەرپرسێكی عێراقی دەڵێت "ئەمە شتێكە سعودییەكان دەبێ بیری لێبكەنەوە: مەبەستم كۆتایی ستراتیژی وەڵامدانەوەی ئێرانە بە پشتیوانیی ئەمریكا. ترەمپ كێشەی نییە لەسەر رێككەوتنێكی ئەتۆمیی نوێ لەگەڵ ئێرانییەكاندا دانوستاندن بكات"، چونكە ئەوەی بۆ ترەمپ گرنگە ئەوەیە "ناوی خۆی بەسەر رێككەوتنەكەوە بێت"، بەرپرسە عێراقییەكە بەدووری نازانێت رێككەوتنە نهێنییەكەی ئەمجارەی تاران و واشنتن سەرەتای رێككەوتنی دیكەی نێوان هەردوو وڵات بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ