رووداو دیجیتاڵ
لاوازیی گەشەی ئابووری هەموو وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، یەکێک لەو ناوچانەش کە بەراورد بە ساڵی رابردوو گەشەی ئابووری بەشێوەیەکی بەرچاو تێیدا دابەزیوە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی بەهارەی ئای ئێم ئێف و بانکی جیهانی لە واشنتن بە وردی باسی ئەو دۆخەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا.
جیهاد ئازوور، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئای ئێم ئێف دەڵێت، "لە 2022 دا گەشەی ناوچەکە تێکڕای گەشەی جیهانی تێپەڕاند کە گەیشتە نزیکەی 5.7٪، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ناسەقامگیری و سیاسەتی چاودێریی کەمکردنەوەی هەڵاوسان، چاوەڕێ دەکەین گەشەکە کەمبکاتەوە و تێکڕای گەشەی ئابووری 3.1٪ دەبێت.''
هەرچەندە گەشەی ئابووریی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و نانەوتی جیاوازی هەیە، بەڵام لاوازیی گەشەی ئابووری هەموو ناوچەوکەی گرتووەتەوە و دەبێت هەموو ناوچەکە بەیەکەوە رووبەڕووی ئەم دۆخە داراییە ببنەوە کە رووی لە ناوچەکەیان کردووە.
بەشێک لە بۆچوونەوەکانیش ئەوەن کە چارەسەری ئەم دۆخە جڵەوکردنی هەڵاوسانە، ئەویش لە رێگەی بەرزکردنەوەی سووی بانکی و چاکسازیی ئابووری و خۆگونجاندنە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئای ئێم ئێف و بانکی جیهانی.
سەمیر تڕابلێسی، پسپۆڕی ئابووریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسی لەوە کرد، "ساڵی 2023 و 2024 رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەشەی ئابووری کەمدەبێت، رێژەیەکی لە نێوان 1.3 تاوەکو 1.9٪ دەبێت، ئەمەش بەهۆی بەرزیی رێژەی هەڵاوسان، بۆ جڵەوکردنی هەڵاوسانیش، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێویستە سووی بانکی بەرزبکەنەوە.''
کۆبوونەوەی بەهارەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی ئەمڕۆ کۆتایی دێت، ئامانجی گفتوگۆکانیش رزگارکردنی جیهانە لە سستی ئابووری و بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ