رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پاریس کۆبوونەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، "پەرەپێدان بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا."
کۆبوونەوەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-02-2023، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئیلیزێ) لە پاریس کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە "تایبەت بوو بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی ئەوروپا."
مەسرور بارزانی "سوپاسی حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد بۆ بەردەوامیی پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە لە رۆژگارە سەختەکاندا فەرەنسا هەمیشە پشتیوانیی لە گەلی کوردستان کردووە".
شەوی چوارشەممە، 15-02-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی شاندێکی حکومی گەیشتە پاریس و جگە لە سەرۆکی فەرەنسا، لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو وڵاتەش کۆدەبێتەوە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، سەرۆکی فەرەنسا "سڵاو و رێزی تایبەتی بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەبوو، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامبوون لە سەر پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی."
لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لە "گرنگیی چارهسهركردنى کێشەكانى هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی ئاسایش و سهقامگيريى ناوچهكه"ش کراوە.
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکەدا پشتیوانێکی دیاری ناوچەکە بووە.
ئەو وڵاتە ئەوروپییە بە هەزار سەرباز لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەشداربوو. لە ساڵی 2014ـەوە هەزار و 459 هێرشی ئاسمانیی لە عێراق و سووریا کردووە، دوو هەزار و 251 ئامانجی داعشی تێکشکاندووە.
فەرەنسا لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعشیش 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.
هەروەها مەشق و راهێنانی بە 10 هەزار سەربازی عێراقی و پێشمەرگە کردووە. ئەمە جگە لەوەی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ سووریا تەرخانکردووە. 45 ملیۆن یۆرۆ لەوانەش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە.
مێژووی نوێی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی هەرێمی دژەفڕین لە ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە بە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و مەشق و راهێنان. لە شەڕی دژی داعشیشدا فەرەنسا پشتیوانیی لە پێشمەرگە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ