ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگری بۆ ساڵی 2023 پەسند دەکات

15-07-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای تایبەت بە خەرجیی بەرگریی ساڵانەی بۆ ساڵی 2023 تێپەڕاند و 840 ملیار دۆلار بۆ خەرجیی بەرگریی ئەمریکا تەرخانکرا، لەنێویدا 37 ملیار دۆلاری دیکەش وەکو بودجەی ئیدارەی بایدن بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئەمریکا پەسندکرا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی تەممووزی 2022 ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنگرێس دەنگیان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی بەرگریی ئەمریکا دا و بە کۆی 329 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 101 دەنگی نەخێر پەسندکرا. 39 ئەندامی دیموکراتەکان و 62 ئەندامی کۆمارییەکان لە دژی پڕۆژەیاساکە دەنگیان دا.
 
پێش ئەوەی پڕۆژەیاساکە ببێتە یاسا و کاری پێبکرێت، دەبێت پڕۆژەیاساکە بە جیا لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانیشەوە بۆ زۆرینەی دەنگ پەسندبکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، جاک رید، سیناتۆری دیموکراتەکان، کە سەرۆکی ئەنجوومەنی کاروباری چەکدارییە لە ئەنجوومەنی پیران، رایگەیاند کە ئەنجوومەنی پیران لە مانگی ئەیلوولدا بە جیا دیبەیت لەسەر رەشنووسی پڕۆژەیاساکە دەکات. 
 
پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی نوێنەران بڕی 808.4 ملیار دۆلار بۆ خەرجیی خەمڵێندراوی پێنتاگۆن تەرخاندەکات و 30.5 ملیار دۆلاریش بۆ وەزارەتی وزە و 400 ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ چالاکییەکانی پەیوەست بە بەرگری لە حکومەتی فیدڕاڵیدا تەرخاندەکات. ئەم پڕۆژەیاسایە بەڕێژەی 7٪ خەرجییەکانی بۆ بودجەی ساڵی  2023 زیادکردووە. 
 
پێشتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای 813 ملیار دۆلاری بۆ خەرجییەکانی بەرگریی ئەمریکا لە ساڵی 2023 کردبوو، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر داوای ئیدارەی بایدن 27 ملیار دۆلاری دیکەی خستە سەر ئەو بڕە پارەیە. 
 
هاوکات، ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ سوێد و فینلاند دووپاتدەکاتەوە لە چوونە نێو ناتۆوە. 225 ملیۆن دۆلار بۆ دەستپێشخەرییەک بۆ پەرەپێدانی سیستەمی بەرگریی نێوان ئەمریکا و هەردوو وڵاتە بەڵتیکییەکە تەرخانکراوە. بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، لانیکەم 138 ملیار دۆلار بۆ توێژینەوەی بەرگری و گەشەپێدان، لەنێویدا لە زانکۆ و کۆلێژەکان تەرخانکراوە. پڕۆژەیاساکە بە رێژەی 4.6٪ مووچەی سەربازان و کارمەندانی وەزارەتی بەرگری بەرزدەکاتەوە. لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی ئۆکرایناش، بڕی 1 ملیار دۆلار لە پڕۆژەیاساکەدا بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا پێشنیازکراوە. 
 
بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی سەربازیی ئەمریکا بۆ ساڵی 2022، 345 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق و 177 ملیۆن دۆلاریش بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا لە سووریای تەرخان کراوە. لەنێویدا، بڕی 240 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی مووچەی پێشمەرگە تەرخانکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە