ئۆکراینا بە درۆنی دروستکراوی نێوخۆیی شەڕ لەگەڵ رووسیا دەکات

15-03-2025
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
سەربازەکان راهێنان لەسەر بەکارهێنانی درۆن دەکەن.
سەربازەکان راهێنان لەسەر بەکارهێنانی درۆن دەکەن.
نیشانەکردن رووداو لە ئۆکراینا
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئۆکراینا بۆ رووبەڕبوونەوەی رووسیا پشت بە درۆن دەبەستێت. بەشێکی درۆنەکان لە ئۆکراینا بەرهەمدەهێنرێن و تێچووی هەر درۆنێک نزیکەی 300 دۆلارە. 
 
بە رواڵەت هێمن و ئارام دانیشتووە، بەڵام لەراستیدا خەریکی راهێنانێکی هێرشبەرانەیە، ڤلادیمیر شەش مانگە لە ئەندازیارێکی ئایتییەوە گۆڕدراوە بۆ بەرهەمێنەرێکی باشی درۆنی هێرشبەر. ئێستاش راهێنان لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی درۆنەکەی خۆی دەکات.
 
ڤلادیمیر دەڵێت: "دەتوانێت تا 15 کیلۆمەتر بەرز ببێتەوە. دەتوانم بڵێم زۆر دوور دەڕوات. ئەگەر بەراوردی بکەم لەگەڵ مووشەکی جۆری جاڤڵین، جاڤڵین تەنیا 5 کیلۆمەتر دەڕوات، نرخی یەک دانە مووشەک دەگاتە 200 هەزار دۆلار، بەڵام تێچووی ئەم درۆنە تەنیا 300 دۆلارە. ئەم شەڕە زیاتر لەبارەی درۆنەوەیە، هەروەها ئامێری کۆنترۆڵکراو و ئەو ئامێرانەی لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، بۆیە ئەندازیاری کڕۆکی کارەکەیە."
 
لە سەرەتای شەڕ، هێزەکانی ئۆکراینا درۆنی وڵاتانی دیکەیان بەکاردەهێنا، بەڵام پاش ساڵێک لە شەڕ بە دەیان کۆمپانیا بە هاوکاری مادیی خەڵک دەستیان بە دروستکردنی درۆنی ناوخۆیی کرد. لێرە فەوجێکی تایبەت بە هێزەکانی ئۆکراینا راهێنان بەو سەربازە نوێیانە دەکەن لە دەیانەوێت فێری بەکارهێنانی درۆن بن. تاوەکو ئێستا لێرە راهێنان بە 2500 کەس کراوە.
 
 
کریستینا راهێنان لەسەر فێربوونی درۆن دەکات و دەڵێت: "من ئەزموونی سەربازیم هەیە و بۆ فێربوون هاتوومەتە ئێرە، چونکە بەداخەوە هیچ ئەزموونێکم لەسەر درۆن نەبوو. من داواکاریم پێشکەش کرد، ئەوان تەلەفۆنیان بۆ کردم و کاریان بۆ پێشنیاز کردم و گوتیان فێرت دەکەین."
 
شارک دەڵێت: "ئۆکراینا وڵاتێکی پێشکەوتووە و بەگشتی پەرە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەدات، بۆیە داهاتوویەکی گەورەی لە پشتەوەیە. هەر بۆیە قوتابخانەکەمان بەردەوام لە فراوانبووندایە و بەنیازین لە شارە جیاوازەکان لقی نوێ بکەینەوە."
 
پێچەوانەی درۆنە هێرش بەرەکان، 40 کیلۆمەتر دوورتر لە سەنتەری کیێڤ، فەوجێکی تایبەت 24 کاژێری چاودێریی درۆنەکانی رووسیا دەکەن و دەیانخەنە خوارەوە.
 
لە ئۆکرینا 5000 گروپی تایبەت بە خستنە خوارەوەی درۆنەکان چالاکن.
 
میکۆلا میسێچۆکۆ، سەربازێکی ئۆکراینییە و دەڵێت: "بەو چەکە بچووکانە درۆنەکانی شاهید دەخەینە خوارەوە، لە پشتەوە دەیبینیت، ئەمە دۆشکەی دوو لوولەییە، ئێمە پێی دەڵێین 'پی تی کی' واتە ئەمە دۆشکەیەکی کڵاشیکۆفە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە